زەینەب جەلالیان مانگێکە مانی لە خواردن گرتووە

هەنگاو: زەینەب جەلالیان سەرەڕای ئەوەی کە گوازراوەتەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شاری کرمان زیاتر لە یەک مانگە مانی لە خواردن گرتووە.

١ گەلاوێژ ٢٧٢٠، ١٢:٥٧


هەنگاو: زەینەب جەلالیان سەرەڕای ئەوەی کە گوازراوەتەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شاری کرمان زیاتر لە یەک مانگە مانی لە خواردن گرتووە.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، زەینەب جەلالیان بەندکراوی سیاسی کورد ئەوە ٣٢ ڕۆژە مانی لە خواردن گرتووە و سەرباری گوازرانەوەی بۆ بەندیخانەی کرمان مانگرتنەکەی خۆی نەشکاندووە.


زەینەب جەلالیان لە ڕۆژی شەممە ٣١ی جۆزەردانی ٢٧٢٠ (٣٠ی ژوئەنی ٢٠٢٠) هاوڕێ لەگەڵ بەندکراوێکی دیکەی کورد بە ناوی سەکینە پەروانە لە بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین مانگرتن لە خواردنی خۆیان ڕاگەیاند. زەینەب خوازیاری گەڕاندنەوەی بۆ بەندیخانەی شاری خۆی بوو.


ئەو بەندکراوە سیاسییە ڕۆژی سێشەممە ٩ی بانەمەڕ (٢٨ی ئاوریل) لە بەندیخانەی شاری خۆی بۆ بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین گوازرایەوە و هەر لەوێش تووشی پەتای کۆرۆنا بوو.
زەینەب جەلالیان کە حوکمی بەندکرانی هەتاهەتایی بە سەردا سەپاوە، هاوکات لە گەڵ شەشەمین ڕۆژی مانگرتنەکەی بە شێوەیەکی لە ناکاو بۆ دەرەوەی بەندیخانە گوازرایەوە و ئێستا لە بەندی قەرەنتینەی بەندیخانەی ناوەنیی شاری کرمان ڕاگیراوە.

زەینەب جەلالیان لەدایکبووی ساڵی ١٣٦١ی هەتاوی (١٣٨٢ی زایینی) لە گوندی دیم قشلاقی ماکۆ لە ساڵی ١٣٨٧ی هەتاوییەوە بەبێ مافی مەرەخەسی لە بەندیخانەکانی حکوومەتی ئێراندایە.


ناوبراو ساڵی ١٣٨٦ی هەتاوی لە کرماشان دەستبەسەر و مانگی سەرماوەزی ١٣٨٧ لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی کرماشانەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر مورادی بە تۆمەتی بەزاندنی نایاسایی سنوورەکانی ئێران حوکمی ساڵێک بەندکران و هەروەها بە تۆمەتی دژایەتیی خودا ”موحارێبە” لەڕێگای ئەندامەتیی لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان ”پژاک” حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپا.


حوکمی سێدارەی زەینەب جەلالیان ساڵی ٨٨ی هەتاوی لەلایەن دیوانی بەرزی وڵاتەوە پشتڕاستکرایەوە و پاشان لە ساڵی ٩٠ و بەهۆی بەرکەوتنی لێبوردنی ”خامنەای”ـەوە بۆ زیندانی هەتایی کەم کرایەوە.


زەینەب جەلالیان لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە هەتا سەرماوەزی ٩٣ی هەتاوی لە بەندیخانەی دیزڵاوای کرماشاندا ڕاگیرا و تەنیا بۆ ماوەیەکی کاتیی بۆ ٥ مانگ لە ساڵی ٨٨ی هەتاویدا بۆ بەندی ٢٠٩ی گرتووخانەی ئێڤین لە تاران ڕاگوێزرابوو.


ئەم بەندکراوە سیاسییە کوردە کە لە نێوان بەندکراوانی سیاسیی ژن لە ئێراندا قورسترین حوکمی بەسەردا سەپاوە، ساڵی ٩٣ی هەتاوی پاش هەوڵ و ماندووبوونێکی زۆری بنەماڵەکەی و بەدواداچوونی ئەوان و قبووڵکردنی داواکارییەکانیان لەلایەن دادستانی و ئیدارەی ئیتلاعاتەوە، بۆ بەندیخانەی خۆی ڕاگوێزرا و لەو کاتەوە لەو بەندیخانەیە ڕاگیرابوو هەتا بانەمەڕی ئەمساڵ گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین و پاش دوو مانگ لەوێشەوە بۆ بەندیخانەی کرمان گوازرایەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە