سادق وەیسی بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرا

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی ڕوانسەر کە کۆتایی مانگی ڕابردوو دەستبەسەر کرابوو، بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.

١٠ پووشپەڕ ٢٧٢١، ٠٩:٥٥

 

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی ڕوانسەر کە کۆتایی مانگی ڕابردوو دەستبەسەر کرابوو، بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٨ی پووشپەڕی ٢٧٢١ (٢٩ی ژوئەنی ٢٠٢١)، سادق وەیسی هاووڵاتیی خەڵکی ڕوانسەر دوای ١٧ ڕۆژ بەندکران لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاحاتی کرماشان بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی هەتا کۆتایی قۆناغەکانی پێڕاگەیشین بە دۆسیەکەی، ئازاد کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی وەیسی، ناوەندە ئەمنییەکان ئەو هاووڵاتییە کوردەیان بە “پڕوپاگەندە دژی حکوومەت” و “هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری حکوومەت” تۆمەتبار کردووە.

سادق وەیسی خەڵکی گوندی ڕووتەوەنی ڕوانسەر ڕۆژی شەممە ٢٢ی جۆزەردانی ٢٧٢١ (١٢ی ژوئەنی ٢٠٢١) بە بێ پیشاندانی بەرگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ کرماشان گوازرایەوە.

هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە سادق وەیسی بڕوانامەی کارناسی باڵای زانستە سیاسییەکانی لە زانکۆی ئازادی کرماشان وەرگرتووە و هێزە ئەمنییەکان دوای دەستبەسەر کردن ماڵ و دووکانەکەشیان پشکنییوە و دەستیان بەسەر کۆمپیۆتەر، مۆبایل و تەنانەت ئۆتۆمبێلی ناوبراودا گرتووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە