سالار و سامان غەزاڵی لە بەندیخانەی ئازاد کران

هەنگاو: دوو برای خەڵکی مەهاباد کە مانگی خەرمانانی ساڵی ڕابردوو دەستبەسەر و سزای بەندکرانیان بە سەردا سەپابوو، لە بەندیخانە ئازاد کران.

٩ پووشپەڕ ٢٧٢١، ١٥:٣٦

 

هەنگاو: دوو برای خەڵکی مەهاباد کە مانگی خەرمانانی ساڵی ڕابردوو دەستبەسەر و سزای بەندکرانیان بە سەردا سەپابوو، لە بەندیخانە ئازاد کران.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٩ی پووشپەڕی ٢٧٢١ (٣٠ی ژوئەنی ٢٠٢١)، سالار غەزاڵی و سامان غەزاڵی کە پێشتر هەر کامەیان سزای ٣٩ مانگ بەندکرانیان بە سەردا سەپابوو دوای تێپەڕاندنی ١١ مانگ لە سزای بەندکرانەکەیان بەر لێبوردن کەوتوون و لە بەندیخانەی ناوەندیی مەهاباد ئازاد کران.

 سامان غەزاڵی خوێندکاری کارناسی باڵای کۆمەڵناسی زانکۆی بروجێرد و براکەی سالار غەزاڵی دەرچووی کارناسوی باڵای شیمی لە زانکۆی ڕازی کرماشان، ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی خەرمانانی ٢٧٢٠ (١٦ی سێپتامبری ٢٠٢٠) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد دەستبەسەر کران.

ئەو دوو برایە زستانی ساڵی ڕابردوو لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی مەهاباد بە سەرۆکایەتی دادوەر قازی جەواد غولامی بە تۆمەتی “هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی” لەرێگای ئەندامەتی لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان هەر کامەیان سزای ٣٩ مانگ بەندکرانیان بە سەردا سەپا کە دوای ئەوەی ملیان بۆ بڕیاری دادوەر کەچ کرد سزاکەیان بۆ ٢٤ مانگ بەندکران کەم کرایەوە.

پێشتر هەنگاو ڕایگەیاندبوو کە ئەم دوو برایە لە کاتی بەڕێوە چوونی دادگاکەیاندا لە هەبوونی پارێزەری دەستنیشانکراوی خۆیان بێبەش کراون .


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە