سالار چاوشی دوای تەواو بوونی سزای بەندکرانەکەی ئازاد کرا

سالار چاوشی دوای تەواو بوونی سزای بەندکرانەکەی ئازاد کرا

17:30 - 5 May 2021

 

هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی خەڵکی بۆکان کە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگیرابوو، لە بەندیخانە ئازاد کرا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی جوارشەممە ١٥ی بانەمەڕی ٢٧٢١ (٥ی مەی ٢٠٢١)، سالار چاوشی بەندکراوی سیاسی خەڵکی بۆکان دوای تەواوبوونی سزای ٦ مانگ بەندکرانەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە ئازاد بوو.

سالار چاوشی ڕۆژی دووشەممە ١٠ی خەرمانانی ٢٧٢٠ (٣١ی ئاگۆستی ٢٠٢٠) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان دەستبەسەر و دوای تەوابوونی قۆناغەکانی لێپرسینەوە بە شێوەی کاتی و بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردە دواجار لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی بۆکان بە تۆمەتی ”پڕوپاگەندە دژی نیزام و هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران“ سزای ٢ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا کە ئەو سزایە مانگی سەرماوەز لەلایەن لقی ١٣ی دادگای پیداچوونەوەی پارێزگای ئورمیەوە بۆ ٦ مانگ بەندکران کەم کرایەوە.

سالار چاوشی خەڵکی گوندی حاجی لەکی بۆکان  ڕۆژی یەکشەممە ٥ی ڕێبەندانی ٢٧٢٠ (٢٤ی ژانویەی ٢٠٢١)بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای بەندکرانەکەی دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە کرا.