سامان کەریمی بەندکراوی سیاسی کورد دوای هەڵوەشاندنەوەی سزای سێدارەکەی سزای ٩ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا

هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی خەڵکی کە پێشتر لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای بەندکرانی بە سەردا سەپابوو و سزاکەی

٣١ پووشپەڕ ٢٧٢١، ١٥:٤١

 

هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی خەڵکی کە پێشتر لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای بەندکرانی بە سەردا سەپابوو و سزاکەی لەلایەن دیوانی بەرزی وڵاتی ئێرانەوە هەڵوەشابوویەوە، سزای ٩ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ٢٦ی پووشپەڕی ٢٧٢١ (١٧ی جولای ٢٠٢١)، دانیشتنی دادگای پێداچوونەوەی دۆپسیەی سامان کەریمی، بەندکراوی سیاسی خەڵکی بانە کە پێشتر سزای سێدارە و ١١ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپابوو، بەڕێوە چوو و بە پێی بڕیاری لقی ٤ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای سنە ناوبراو بە سێ تۆمەت سەرجەم سزای ٩ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا.

بە پێی ئەو حوکمە، سامان کەریمی بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سزای ٤ ساڵ بەندکران، بە تۆمەتی کۆبوونەوە  دژی ئاسایشی وڵات سزای ٤ ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی حکوومەت سزای ١ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە. بە پێی یاسای کۆکردنەوەی سزاکان بەرزترین سزا واتە ٤ ساڵ بەندکران جێبەجێ دەکرێت و ماوەی پێشووی بەندکرانیشی بۆ هەژمار دەکرێت.

سامان کەریمی خەڵکی بانە ڕۆژی پێنج شەممە ١٧ی خەزەڵوەری ٢٧١٨ (٨ی نۆڤەمبری ٢٠١٨) لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا دەستبەسەر و بۆ دەستبەسەرگەی شارامفەڕی سپای پاسداران لە سنە گوازرایەوە و پاش سێ مانگ بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گوازرایەوە.

جێگای ئاماژەیە کە، سامان کەریمی ڕۆژی سێشەممە ٢١ی خەزەڵوەری ٢٧١٩ (١٢ی نۆڤەمبری ٢٠١٩) لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر سەعیدی بە تۆمەتی “بەغی لەرێگای ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران” سزای سێدارە و ١١ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپابوو.

سامان کەریمی دواجار ڕۆژی پێنج شەممە ١٤ی ڕەشەممەی ٢٧٢٠ (٤ی مارسی ٢٠٢١) پاش ١٦ مانگ بەندکران بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد و ٥٠٠ میلیۆن تمەنی لە بەندیخانەی سنە ئازاد کرا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە