سزای بەندکرانی سەعید تابناک بۆ ٤ ساڵ و ٢ مانگ کەم کرایەوە

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی شنۆ کە ساڵی ڕابردوو دەستبەسەر و بۆ تۆمەتی هاوکاری کردنی حیزبێکی کوردستانی سزای ٨ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپابو

١٧ ڕەزبەر ٢٧٢١، ٠٩:٣٣

 

 هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی شنۆ کە ساڵی ڕابردوو دەستبەسەر و بۆ تۆمەتی هاوکاری کردنی حیزبێکی کوردستانی سزای ٨ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپابوو، سزاکەی لە دادگای پێداچوونەوە کەم کرایەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، سزای ٨ ساڵ بەندکرای سەعید تابناک بەندکراوی سیاسی خەڵکی شنۆ کە ئێستا لە بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە ڕاگیراوە، لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ئورمیە بۆ ٤ ساڵ و ٢ مانگ بەندکران کەم کرایەوە.

سەعید تابناک ڕۆژی شەممە ١٤ی پووشپەڕی ٢٧٢٠ (٤ی ژوئیەی ٢٠٢٠) لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و دوای ١٠٠ ڕۆژ بەندکران دواجار ڕۆژی شەممە ١٩ی ڕەزبەر (١٠ی ئۆکتۆبر) بە دانانی بارمتە هەتا کۆتایی هاتنی قۆناغەکەکانی دانیشتنی دادگا بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

ئەم هاووڵاتییە کوردە دواجار لەلایەن دادگای شۆڕشی شنۆ بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سزای ٨ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا.

سەعید تابناک سەرەتای مانگی خەرمانانی ئەمساڵ (سێپتامبری ٢٠٢١)بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای ٨ ساڵ بەندکرانەکەی، دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی شاری نەغەدە کرا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە