سزای ٤٠ ساڵ بەندکرانی محەمەد مورادی لەلایەن دادگای باڵا هەڵوەشایەوە

هەنگاو: سزای بەندکران و دوورخرانەوەی بەندکراوێکی سیاسی خەڵکی پیرانشار لەلایەن یەکێک لە لقەکانی دادگای باڵای ئێرانەوە هەڵوەشایە

١٥ ڕەزبەر ٢٧٢١، ١٠:٢٨

 

هەنگاو: سزای بەندکران و دوورخرانەوەی بەندکراوێکی سیاسی خەڵکی پیرانشار لەلایەن یەکێک لە لقەکانی دادگای باڵای ئێرانەوە هەڵوەشایەوە و دۆسیەکەی گەڕێندرایەوە بۆ ئەو دادگایە کە سزاکەی بەسەردا سەپاندبوو.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، سزای ٤٠ ساڵ بەندکران و دوورخرانەوەی محەمەد مورادی، بەنەدکراوی سیاسی تەمەن ٣٥ ساڵی خەڵکی پیرانشار بە هۆی کەموکۆڕی لە لێکۆڵینەوەکان و هەروەها دۆسیەی ناوبراو، لەلایەن لقی ٣٤ی دادگای باڵای ئێرانەوە هەڵوەشایەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم دۆسیەیە بە مەبەستی پێداچوونەوەی دوبارە بۆ لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی مەهاباد کە ئەم سزایە دەرکردبوو، گەڕێندراوەتەوە.

محەمەد مورادی مانگی بانەمەڕی ئەمساڵ لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی مەهاباد بە سەرۆکایەتی دادوەر جەواد غوڵامی بە تۆمەتی “بەغی” لەرێگای ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سزای ٤٠ ساڵ بەندکران و دوورخرانەوە بۆ بەندیخانەی ئورمیەی بە سەردا سەپا و ئەم سزایە ڕؤژی چوارشەممە ٢٢ی بانەمەڕی ٢٧٢١ (١٢ی مەی ٢٠٢١) دوای بانگ کرانی ناوبراو بۆ جێبەجێ کردنی سزاکانی بەندیخانەی نەغەدە بە فەرمی پێی ڕاگەیەندرا.

محەمەد مرادی خەڵکی گوندی قەبری حوسێنی پیرانشار کە شەش مانگ ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) بووە، مانگی خەرمانانی ٢٧١٧ (٢٠١٧) لەو حیزبە جیا بووەتەوە  و چووەتەوە ئێران و ڕێکەوتی ١٥ی خەرمانانی هەمان ساڵ (٦ی سێپتامبری ٢٠١٧) لە سنووری کێلێی سەردەشت خۆی ڕادەستی هێزە ئەمنییەکان کردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هەرچەند محەمەد خۆی تەسلیم کردووە، بەڵام سپای پاسداران لە ڕێگای یەکێک لە ئەندامەکانی خۆیەوەی بە ناوی ”عەلی ئاتەش بەرگ“ دۆسیەیەکیان بۆ کردووەتەوە و وایان نیشان داوە کە محەمەد لەکاتێکدا ٣ چەکی پێ بووە دەستبەسەر کراوە.

محەمەد مورادی دوای دەستبەسەر کران بۆ بەندیخانەی ئورمیە گوازرایەوە و دواتر بۆ بەندیخانەی نەغەدە گوازراوەتەوە و ئێستا لەو بەندیخانەیە ڕاگیراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە