سزای لێدانی ٦٠ قامچی چیا ئاقابەیگ پوور بەندکراوی سیاسی کورد جێبەجێ کرا

هەنگاو: سزای لێدانی قامچی لە چالاکێکی سیاسی خەڵکی بۆکان کە پێشتر دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ئەو شارە کراوە، جێبەجێ کراوە.

٤ ڕەشەمە ٢٧٢١، ١٠:١٧

 

هەنگاو: سزای لێدانی قامچی لە چالاکێکی سیاسی خەڵکی بۆکان کە پێشتر دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ئەو شارە کراوە، جێبەجێ کراوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٥ی ڕێبەندانی ٢٧٢١ (٢٥ی ژانویەی) ٢٠٢٢، هاوکات لەگەڵ دەستبەسەر کردنی چیا ئاقابەیگ پوور، هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای ١٤ مانگ بەندکران کە بەسەریدا سەپابوو، سزای لێدانی ٦٠ قامچی لە ناوبراو هەر لە بەندیخانە جێبەجێ کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سزای لێدانی ٦٠ قامچی لە چیا ئاقا بەیگ پوور هەمان ڕۆژ لە دەستبەسەر کراوە جێبەجێ کراوە و هەروەها بڕی ٣٠ ملیۆن تمەن پێ بژاردنیش کە بەسەریدا سەپابوو لێی وەرگیراوە.

چیا ئاقابەیگ پوور کاتژمێر ٢ی بەرەبەیانی ڕۆژی پێنج شەممە ٧ی گەلاوێژی ٢٧٢١ (٢٩ی جولای ٢٠٢١) لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای بۆکان دەستبەسەر و بۆ ئورمیە گوازرایەوە و پاش ٤٠ ڕۆژ بەندکران ڕۆژی دووشەممە ١٥ی خەرمانان (٨ی سێپتەمبەر) بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ ملیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

ناوبراو دواجار مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵ لەلایەن دادگای شۆڕشی بۆکانەوە بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژی نیزام» لە ڕێگای ئەندامەتی لە حیزبی دیموکراتی کوردستان سزای ١٤ مانگ بەندکران، لێدانی ٦٠ قامچی و هەروەها پێ بژاردنی بڕی ٣٠ ملیۆن پارەی بە سەردا سەپا.

هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ناوبراو لەو ماوەیەدا کە دەستبەسەر بوو لە هەبوونی مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و هەروەها مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بووە.
چیا ئاقابەیگ پوور تەمەن٢٨ساڵ و خەڵکی گوندی ڕەحیم خانی بۆکان، خێزاندار و باوکی دوو منداڵی کەم تەمەنە.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە