سمکۆ مەعرووفی بۆ تێپەڕاندنی سزای بەندکرانەکەی دەستبەسەر کرا

هەنگاو: ژینگەپارێزێکی خەڵکی بۆکان کە پێشتر سزای بەندکرانی بە سەردا سەپابوو، بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای بەندکرانەکەی دەستبەسەر کرا.

٢٥ خەزەڵوەر ٢٧٢١، ١٠:١٠

 

هەنگاو: ژینگەپارێزێکی خەڵکی بۆکان کە پێشتر سزای بەندکرانی بە سەردا سەپابوو، بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای بەندکرانەکەی دەستبەسەر کرا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی خەزەڵوەری ٢٧٢١ )١٠ی نۆڤەمبری ٢٠٢١)، سمکۆ مەعرووفی چالاکی مەدەنیو دامەزرێنەری ئەنجومنی ژینگەپارێزی “وڵات”لە شاری بۆکان بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای یەک ساڵ بەندکرانەکەی دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی شاری بۆکان کراوە.

سمکۆ مەعرووفی ڕۆژی شەممە ١٦ی ڕەشەممەی ٢٧٢٠ (٦ی مارسی ٢٠٢١)  لەلایەن ھێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان دەستبەسەر و دوای ٢٥ ڕۆژ بەندکران بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

دانیشتنی دادگای سمکۆ مەعرووفی ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی خاکەلێوەی ٢٧٢١ (١٤ی ئاوریلی ٢٠٢١) و بە بێ بەشداری پارێزەرەکەی  بەڕێوە چووە و دواجار بە بڕیاری دادوەری لقی ١٠٤ی دادگای تاوانەکانی بۆکان بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە دژی حکوومەت” سزای سالێک بەندکران و دووساڵ وەرگرتنەوەی مافی چوونەدەرەوە لە وڵاتی بە سەردا سەپا.

ناوبراو ساڵی ٢٧١٩ (٢٠١٩) لەلایەن لقی ١٠١ دادگاەی تاقانەکانی یەکی شاری بۆکان بە تۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی گشتی" لە ڕێگەی بەشداری لە کۆبوونەوەی نارەزایەتی بە نیسبەت شەرمەزارکردنی  لەشکەرکێشی تورکیا بۆ کوردستانی سوریا، سزای دوو ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە