سنە/ حوکمی سێدارەی مستەفا سەیفی جێبەجێ کرا

هەنگاو: حوکمی سێدارەی بەندکراوێکی خەڵکی سەوڵاوا کە بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست ئەو حوکمەی بە سەردا سەپابوو، لە بەندیخانەی سنە جێبەجێ کرا.

١٠ بەفرانبار ٢٧٢٠، ٠٩:١٨

 

هەنگاو: حوکمی سێدارەی بەندکراوێکی خەڵکی سەوڵاوا کە بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست ئەو حوکمەی بە سەردا سەپابوو، لە بەندیخانەی سنە جێبەجێ کرا.
 

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی بەفرانباری ٢٧٢٠ (٣٠ دێسامبری ٢٠٢٠)، حوکمی سێدارەی ”مستەفای سەیفی“ تەمەن ٢٨ ساڵ  و خەڵکی گوندی وێژنانی سەوڵاوا لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە جێبەجێ کرا. ناوبراو ڕۆژی یەکشەممە بە مەبەستی جێبەجێ کرانی حوکمەکەی بۆ ژووری تاکەکەسی گوازرابوویەوە.
 
عەتا سەیفی باوکی مستەفا، لە لێدوانێکدا بۆ هەنگاو هەواڵەکەی پشتڕاست کردەوە و ڕایگەیاند کە بنەماڵەی کوژراوەکە حازر نەبوون کە لە کوڕەکەمان خۆش بن. بنەماڵەی کوژراوەکە داوای بڕی ٣ میلیارد تمەن پارەیان وەک دیە کردووە کە بنەماڵەی سەیفی نەیانتوانیوە ئەو بڕە پارەیە دابین بکەن.

سەرەتای مانگی خەرمانانی ئەمساڵ ئەو بەندکراوە کوردە جارێکی دیکە بە مەبەستی جێبەجێ کرانی سزای سێدارە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی بەندیخانە کرابوو، بەڵام بنەماڵەی کوژراوەکە لە بری دابین کردنی بڕی ٣ میلیارد تمەن وەکوو دیە بۆ سێ مانگ مۆڵەتیان بە بنەماڵەی مستەفا دابوو و جێبەجێ کرانی سزاکەیان دواخستبوو.
 

ئەو هاووڵاتییە ڕێکەوتی ٥ی بانەمەڕی ٢٧١٥ (٢٥ی ئاوریلی ٢٠١٥) لە سەر کێشەی نامووسی یەکێک لە نزیکانی خۆی بە ناوی “کۆسار سەیفی” کوشتووە و هەر ئەو کات دەستبەسەر و حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپاوە و حوکمەکەی دوو ساڵ پێش لەلایەن دیوانی بەرزی وڵاتەوە پشتڕاست کراوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە