سوهەیل عەرەبی، کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا

هەنگاو: بەندکراوێت سیاسیی کورد پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە مانگێک، لەسەر داوای دایکی و دۆستانی کۆتایی بەو مانگرتنەی هێنا کە زیاتر لە یەک مانگ پێش لە

١٧ بانەمەڕ ٢٧٢٠، ١٢:٥٠


هەنگاو: بەندکراوێت سیاسیی کورد پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە مانگێک، لەسەر داوای دایکی و دۆستانی کۆتایی بەو مانگرتنەی هێنا کە زیاتر لە یەک مانگ پێش لە بەندیخانەی تاران دەستی‌پێکردبوو.


بەپێی ڕاپۆرتی گەییشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی بانەمەڕی ٢٧١٠ (٦ می ٢٠٢٠)، سوهەیل عەرەبی، بەندکراوی سیاسیی کورد کە لە بەندیخانەی تارانی گەورە (فشافویه) ڕاگیراوە، لەسەر داوای دایکی و هاوڕێیانی و هەروەها بەڵێنی بەرپرسانی بەندیخانە لەمەڕ داواکارییەکانی، کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا.


فەرەنگیز مەزڵووم، دایکی سوهەیل عەرەبی لە پێوەندی لەگەڵ هەنگاودا ئەم هەواڵەی پشتڕاستکردەوە. سوهەیل عەرەبی خەڵکی شاری بیجاڕی پارێزگای سنە و دانیشتووی شاری تارانە.


بەرپرسانی بەندیخانەی تاران بەڵێنیان بە سوهەیل داوە کە ڕەوتی چارەسەریی ئەم بەندکراوە سیاسییە کوردەی خەڵکی بیجاڕ دەست پێ بکەن.


سوهەیل عەرەبی ڕۆژی شەممە ١٦ی خاکەلێوەی ٩٩ بە بڵاوکردنەوەی نامەیەکی سەرئاوەڵا و بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتیی بە نیسبەت جێبەجێ‌نەبوونی بەڵێنی بەرپرسان و پێنەدانی مافی مەرەخەسی، دۆخی نالەباری بەندیخانە، بێبەشبوون لە چارەسەری پزیشکی و دەرمانی و هەروەها درێژەی بەندکرانی مانی لە خواردن گرتبوو.


سوهەیل عەرەبی و هاوژینەکەی بە ناوی نەستەرەن نەعیمی ڕێکەوتی ١٦ی سەرماوەزی ٢٧١٣ (٧ی دێسامبری ٢٠١٣) لەلایەن هێزەانی ئیتلاعاتی سپای تاران دەستبەسەر کران. نەستەرەن هەمان ڕۆژ ئازاد کرا و سوهەیل دواتر لە ساڵی ٢٠١٤ لەلایەن لقی ٧١ی دادگای تاوانەکانی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر سیامەک مودیرخوراسانی، بە تۆمەتی ”سب نەبی“ حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپا.


لە ماددەی ٥١٣ی یاسای سزای ئیلامی هاتووە کە : ”هەر کەس بێڕیزی بە پیرۆزییەکانی ئیسلام و یان یەکێک لە ئەنبیا و ئیمامەکان بکات، ئەگەر حوکمی “ساب النبی“ی بیگرێتەوە لەسێدارە درێت و جیا لەو حاڵەتە حوکمی ١ ساڵ هەتا پێنج ساڵ بەندکرانی بە سەردا دەسەپێت.


دوا جار و داوی دوو ساڵ بەندکران، بە هۆی بەداواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەی سوهەیل و پارێزەرەکانی، لقی ١٠ی دادگای تاوانەکانی ١ی پارێزگای تاران حوکمی سێدارەی سوهەیل عەرەبی هەڵوەشاندەوە. بەڵام لە ژێر گوشاری سپای پاسداران بۆ دادوەر حوکمی ٢٢ ساڵ و ٦ مانگ بەندکران بە سەر ناوبراودا سەپا. ئەم حوکمە لەحاڵێکدا بوو کە بە پێی ماددەی ٥١٣ زیاترین حوکم تەنیا پێنج ساڵە.


سوهەیل عەرەبی دواجار بە پێی یاسای کۆکردنەوەی حوکمەکان حوکمەکەی بوو بە حەفت ساڵ و شەش مانگ بەندکران و لێدانی ١٠٠ قامچی دوو ساڵ قدەغەی چوونەدەرەوە لەئێران و هەروەها دووساڵ لێکۆڵینەوەی مەزهەبی زۆرەملی لە دەفتەری میسباحی یەزدی مەحکووم کرا.


ناوبراو لەکاتێکدا سەرقاڵی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی بوو، دوو دۆسیەی دیکەی بۆ کرایەوە و بە تۆمەتئ بێ ڕێزی بە پیرۆزییەکان و خامنەیی حوکمی پێنج ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا. هەروەها بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی درۆ و دەلەسە حوکمی ٢ ساڵ بەندکران و دوورخرانەوە بۆ بەندیخانەی برازجان و پێبژادنی ٤ میلیۆن تمەن پارەی ەبسەردا سەپا و بەو پێیە ناوبراو ٥ ساڵی دیکە لە بەندیخانە ئازاد دەبێت.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە