سپای پاسدارن لە پاش ناشتنی تەرمی کوژراوەکانی پیرانشار گڵکۆکەیانی کۆنکرێتڕێژ کرد + وێنە و ڤیدیۆ

هەنگاو: ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار تەرمەکانی ئەو دوو برایەی ڕۆژی ڕابردوو لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژرابوون ڕادەستی بنەماڵەکەیان کرد و لە پاش

٧ ڕەشەمە ٢٧٢٠، ٢٣:٢٢

 

پشتیوانی لە هەنگاو

هەنگاو: ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار تەرمەکانی ئەو دوو برایەی ڕۆژی ڕابردوو لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژرابوون ڕادەستی بنەماڵەکەیان کرد و لە پاش ناشتنیان بە خێرایی گڵکۆکەیان لە لایەن سپای پاسدارانەوە کۆنکرێتڕێژ کرا.

بە گوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ٧ی ڕەشەممەی ٢٧٢٠ (٢٥ی نۆڤامبەری ٢٠٢١) ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار لە پاش ٢٤ کاتژمێر، تەرمی عەبدوڵلا نادری ٣٦ ساڵە و عوسمان نادری ٢٦ ساڵەی ڕادەستی بنەماڵەکانیان کرد و کاتژمێرێک پاش بە خاک سپاردنیان، هێزەکانی سپای پاسداران گڵکۆی ئەو دوو برایەیان کۆنگرێتڕێژ کرد.

یەکێک لە کەسانی نزیک لە بنەماڵەی نادری کە بە هۆکاری ئەمنی داوای کردووە ناوی ئاشکرا نەکرێ لەمبارەیەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند ئیدارەی ئیتلاعات بە مەرجێک تەرمەکانی ڕادەست کردەوە کە هیچ جۆرە ڕێوڕەسمێکی پرسە و ماتەمین بەڕێوە نەچێ و بەڵێننامەیان لێ وەرگرتوون کە لەمبارەیەوە لەگەڵ ڕاگەیاندنەکان قسە نەکەن.

هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو  ڕۆژی چوارشەممە ٦ی ڕەشەممەی ٢٧٢٠ (٢٤ی فێبریوێری ٢٠٢١)، هێزە ئەمنییەکانی پێكهاتوو لە هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات و قەرارگای هەمزەی سپای پاسدارانی ئورمیە، لە ڕێگای نێوان گوندەکانی شیناوێ بۆ زەیدان، ئوتمبێلێکی جۆری وانێت پەیکانیان دایە بەر دەسڕێژ و لە ئەنجامدا دوو برای سەرنشینی ئەو ئوتۆمبێلە بە ناوەکانی عەبدوڵلا نادری و عوسمان نادری کوژراون.

شیاوی ئاماژە پێ کردنە کە عەبدوڵلا و عوسمان نادری هەردووکیان خێزاندار بوون و هەرکامیان خاوەنی مناڵێک بوون. عەبدوڵلا پێشتر بە هۆی کۆڵبەرییەوە لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە یەک ساڵ لە بەند کرابوو.

بە گوتەی شایەدحاڵێکی ڕووداوەکە هێزە ئەمنییەکان بە سێ ئوتۆمبێلی هایلۆکس لە ئورمیەوە هاتبوون و بەر لەوەی وانێت پەیکانەکە ڕاوەستێ دایانە بەر دەسڕێژ و دوو سەرنشینی ئوتۆمبێلەکە هەر لەوێ گیانیان لە دەست داوە. ئەم شایەدحاڵە ڤیدیۆیەکی بۆ هەنگاو ناردووە و ئاشكراشی کردووە کە زیاتر لە ٥٠ فیشەک بەر شووشەی پێشەوەی ئوتۆمبێلی ئەم دوو برایە کەوتووە.

وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران ڕۆژی ڕابردوو بە بڵاو کردنەوەی ڕاگەیاندراوێک پووچەڵ کردنەوەی پلانێکی "تیرۆریستی" لە پیرانشار و کوژرانی دوو کەسی ڕاگەیاند. تیرۆریست ناوبردنی ئەو دوو کەسە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە کاتێکدایە کە ئەوان هاووڵاتیی مەدەنی و دانیشتووی شاری پیرانشار بوون.

 

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە