سپای ئێران ئەمڕۆش ناوچە سنوورییەکانی بوردمان کرد

هەنگاو: بۆ دووهەمین ڕۆژی یەک لەدوای یەک تۆپخانەکانی سپای پاسداران کە لە شارەکانی شنۆ و پیرانشار جێگیر کراون ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی

١٩ خەرمانان ٢٧٢١، ١٤:٢٥

 

هەنگاو: بۆ دووهەمین ڕۆژی یەک لەدوای یەک تۆپخانەکانی سپای پاسداران کە لە شارەکانی شنۆ و پیرانشار جێگیر کراون ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانیان تۆپباران کرد و هاوکات شارە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان میلیتاریزە کراو و هێڵەکانی تەلەفوون و ئینتەرنێت تووشی گرفت بوون.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە کاتژمێر ١١ی ئەمڕۆ هەینی ١٩ی خەرمانانی ٢٧٢١ (١٠ی سێپتامبری ٢٠٢١)، تۆپخانەکانی سپای پاسداران جارێکی دیکە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بە تایبەتی چیاکانی هەڵگورد و بەربەزینیان بۆ ماوەی ٣٠ خولەک تۆپباران کردووە.

دەزگای فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان کە ئورگانێکی سەر بە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک تۆپبارانی ئەمڕۆی ئەو ناوچانەی پشتڕاست کردووەتەوە.

ڕۆژی ڕابردوو سپای پاسداران سەرەڕای تۆپباران کردنی بەرزاییەکانی هەڵگورد، ئالانە، بەربەزین و سەقەر لە ڕێگای ٦ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانە کە ژمارەیەکیان خۆکوژ بوون هێرشیان کردە سەر بنکە و بارەگای حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان . لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا هەتا ئێستا هیچ زیانێکی گیانی لەلایەن ئەو حیزبانەوە کە لەو شوێنانە جێگیرین ڕانەگەیندراوە.

هاوکات لەگەڵ هێرشەکانی سپای پاسداران بۆ سەر بنکە و بارەگای هێزە کوردستانییەکان لە سنووری هەرێمی کوردستان، کەشی ئەمنی شارە سنوورییەکان وەکوو پاوە، مەریوان، بانە، پیرانشار، شنۆ، سەقز و سەردەشت بە تەواوەتی ئەمنی بووە و هێڵەکانی تەلەفوون و ئینتەرنێتیش لەو شوێنانە تووشی گرفت بوون.

بەگوێرەی ئەو پەیگیریانەی کە سەرچاوەکانی هەنگاو لە ناوچەکە کردوویانە، سپای پاسداران ژمارەیەکی زۆری هێزەکانی خۆی لە سنووری شارەکانی شنۆ و پیرانشار جێگیر کردووە و بە سەرنجدان بە جوولە لۆجێستیکی و هەڕەشەکانی بەرپرسانی ئەمنی و سەربازی ئێران، ئەگەری ئەوە هەیە کە ئەم هێزانە سنووری هەرێمی کوردستان ببەزێنن.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە