سێ بەندکراوی سیاسی کورد لە نەغەدە ئازاد کران

هەنگاو: لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا سێ بەندکراوی سیاسی خەڵکی ئورمیە و پیرانشار دوای ئەوەی بەر لێبوردن کەوتن لە بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە ئازاد کران.

١١ پووشپەڕ ٢٧٢١، ١٢:٥٤

 

هەنگاو: لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا سێ بەندکراوی سیاسی خەڵکی ئورمیە و پیرانشار دوای ئەوەی بەر لێبوردن کەوتن لە بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە ئازاد کران.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، کەماڵ عەزیزنژاد هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار دوای سێ ساڵ بەندکران بەر لێبوردن کەوت و لە بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە ئازاد کرا.

ناوبراو ساڵی ٢٧١٧ (٢٠١٧) لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی دەستبەسەر و ڕەشەممەی هەمان ساڵ (مارسی ٢٠١٨) لەلایەن دەزگای دادوەری بە تۆمەتی “هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران” سزای ٥ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا و خاکەلێوەی ٢٧١٨ (آوریلی ٢٠١٨) بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای بەندکرانەکەی دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە کرا.

لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژی پێنج شەممە ١٠ی پووشپەڕی ٢٧٢١ (١ی جولای ٢٠٢١)، سیامەند شەهسەوار، هاووڵاتی خەڵکی دزەی مەرگەوەری ئورمیە دوای تێپەڕاندنی یەک لە سەر سێی سزای بەندکرانەکەی بەر لێبوردن کەوت و لە بەندیخانەی نەغەدە ئازاد کرا.

سیامەند شەهسەوار بەفرانباری ٢٧١٨ (دێسامبری ٢٠١٨) لە کاتی گەڕانەوە لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ یەکێک لە خزمەکانی بە ناوی بێهزاد شەهسەوار لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا.

ئەو دوو هاووڵاتییە بانەمەڕی ٢٧١٩ (ئاوریلی ٢٠١٩) لە دادگای بەرایی بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەر کامەیان سزای ٥ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا کە لە دادگای پێداچوونەوەدا سیامەند سزاکەی بۆ ٣ ساڵ و ٩ مانگ بەندکران و سزای بێهزاد بۆ ٣ ساڵ بەندکران کەم کرایەوە.

سیامەند شەهسەوار دواجار مانگی خاکەلێوەی ساڵی ڕابردوو بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای بەندکرانەکەی دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی نەغەدە گوازرایەوە.

هەمان ڕۆژ، نەجمەدین محەمەدی، بەندکراوی سیاسی خەڵکی پیرانشار دوای تێپەڕاندنی یەک لە سەر سێی سزای بەندکرانەکەی بەر لێبوردن کەوتووە و ئازاد کرا.

نەجمەدین محەمەدی خەڵکی گوندی “گردکسپیان” سەرماوەزی ٢٧١٨ (نۆڤەمبری ٢٠١٨) لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی پیرانشار دەستبەسەر و دوای سێ مانگ بەندکران بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

ناوبراو دواجار زستانی ساڵی ٢٠١٨ (٢٠١٩) لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سزای ٣٠ مانگ بەندکرانی بە سەردا سەپا و پاییزی ساڵی ڕابردوو بەمەبەستی تێپەڕاندنی سزای بەندکرانەکەی دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی نەغەدە کرابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە