سێ بەندکراوی سیاسی کورد ئەگەری لەسێدارەدانیان لەئارادایە

هەنگاو: دوای جاوپێکەوتنی چاوەڕوان نەکراوی بنەماڵەی سێ بەندکراوی سیاسی کورد کە حوکمی سێدارەیان لەسەرە و لەبەندیخانەی ڕەجایی شاری .

١٦ خەرمانان ٢٧١٨، ١٢:١٩

 

هەنگاو: دوای جاوپێکەوتنی چاوەڕوان نەکراوی بنەماڵەی سێ بەندکراوی سیاسی کورد کە حوکمی سێدارەیان لەسەرە و لەبەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرەج ڕاگیراون، مەترسیی جێبەجێ کردنی حوکمی سێدارەیان لەسەرە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لوقمان مورادی، زانیاری مورادی و ڕامین حوسین پەناهی بۆ ژوورە تاکەکەسییەکانی بەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرەج گوازراونەتەوە و ئەگەری جێبەجێ کردنی حوکمەکەیان لە داهاتوویەکی نزیکدا هەیە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەوبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە ئەمڕۆ هەینی ١٦ی خەرمانان، بنەماڵەی ئەو بەندکراوە سیاسیانە لە بەندی ٨ی بەندیخانەی ڕەجایی شار کە بە بەندی  سپا ناسراوە چاویان بە ڕۆڵەکانیان کەوتووە.

ئەو چاوپێکەوتنە نائاسایی و چاوەڕوان نەکراوە کە لە ڕۆژی هەینی ئەنجام دراوە و ئەوەی کە لە ڕۆژانی هەینی چاوپێکەوتن قەدەغەیە، بووەتە هۆی نیگەرانی بنەماڵەکەی و چالاکانی مەدەنی کە حوکمی سێدارەکەیان بە زووییی جێبەجێ بکرێت.

لەلایەکی دیکەوە، ئەمجەد حوسێن پەناهی برای ڕامین لە پۆستێکی فەیسبووکی خۆیدا ئاماژەی بەوە داوە کە ماوەی دوو ڕۆژە هیچ زانیارییەکمان لە سەر چارەنووسی ڕامین نیە.

زانیار و لوقمان موردی دوو بەندکراوی سیاسی خەڵکی مەریوان گەلاوێژی ساڵی ١٣٨٨ی هەتاوی دەستبەسەر و دواتر لەلایەن لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تارانەوە بە تۆمەتی ”دژایەتی خوا لە ڕێگای هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی، ئەندامەتی کۆمەلە، تیرۆری کوڕی پێش نوێژی مەریوان، سیخۆڕی بۆ بریتانیان و تێکدانی ئاسایش لەکاتی سەردانی خامنەیی بۆ مەریوان“، حوکمی سێدارەیان بەسەردا سەپێندرا.

ڕامین حوسێن پەناهی ڕۆژی دووی پووشپەڕێ ٢٧١٧ی کوردی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراو و لە ڕێکەوتی (٥ی ڕیبەندانی ٢٧١٧ / ٢٥ی ژانویەی ٢٠١٨) لە حاڵێکدا کە تەنیا یەک دانیشتنی دادگاییەکەی بەڕیوە چوبوو، لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنەوە بە دادوەری سەعیدی بە تۆمەتی هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیو ئەندامەتی لە حیزبی کۆمەڵە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە