سێ بەندکراوی کورد لەسێدارە دران کە دوویان بران

هەنگاو: سزای سێدارەی دوو برای خەڵکی سەڵماس و هاووڵاتییەکی خەڵکی مەهاباد لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە جێبەجێ کرا.

١٢ پووشپەڕ ٢٧٢١، ٢١:٤٤

 

هەنگاو: سزای سێدارەی دوو برای خەڵکی سەڵماس و هاووڵاتییەکی خەڵکی مەهاباد لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە جێبەجێ کرا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ١٣ی پووشپەڕی ٢٧٢١ (٤ی جولای ٢٠٢١)، سزای سێدارەی دوو برای کوردی خەڵکی سەڵماس بە ناوەکانی داوود قاسم زاده و بەهائەدین قاسم زاده لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە جێبەجێ کرا.

ئەم دوو برایە ڕۆژی پێنج شەممە ١٢ی سەرماوەزی ٢٧٠٩ (٢٠٠٩) بە تۆمەتی کوشتنی دوو کەسی دیکە دەستبەسەر و لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بە سەردا سەپا.

جێگای ئاماژەیە کە داوود قاسم زاده لە کاتی دەستبەسەر کران بە هۆی ئەشکەنجەی هێزە ئەمنییەکان بڕبڕەی پشتی بە سەختی بریندار بووە و زۆر بە سەختی جووڵەی کردووە. پێشتر ڕاگەیەندراوبوو کە بەهائەدین لەکاتی ئەنجامی تاوان ١٥ ساڵی بووە، بەڵام هەنگاو ئاگادار بووە کە ناوبراو کاتی ئەنجامی تاوان تەمەنی ٢٠ ساڵ و یەک مانگ بووە.

هاوکات، سزای سێدارەی ئەنوەر عەبدوڵڵاهی خەڵکی مەهاباد جێبەجێ کراوە. ناوبراو پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست سزای سێدارەی بە سەردا سەپابوو و ڕۆژی ڕابردوو لەگەڵ ئەو دوو برایە بۆ ژووری تاکەکەسی بەندیخانەی ئورمیە گوازرابوویەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە