سێ تێکهەڵچوونی چەکداری لە پارێزگای سنە هاتە ئاراوە

هەنگاو: لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا سێ تێکهەڵچوونی چەکدارانە لە نزیک شارەکانی مەریوان، سنە و کامێران لە نێوان هێزەکانی سپای پاسداران و هێزێکی ک

١٧ ڕەزبەر ٢٧٢٠، ١٦:٥٩

 

هەنگاو: لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا سێ تێکهەڵچوونی چەکدارانە لە نزیک شارەکانی مەریوان، سنە و کامێران لە نێوان هێزەکانی سپای پاسداران و هێزێکی کوردستانی دژبەری حکوومەت هاتووەتە ئاراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەر لەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی ڕەزبەری ٢٧٢٠ (ئۆکتۆبر ٢٠٢٠)، لە بەرزاییەکانی نێوان گوندەکانی باڵک و سەرکەلی شاری مەریوان تێکهەڵچوونێکی چەکداری لەنێوان هێزێکی کوردی و هێزەکانی سپای پاسداران هاتووەتە ئاراوە کە سێ کاتژمێر درێژەی کێشاوە و شەڕەکە کاتژمێر ١٢ی نیمەڕۆ کۆتایی پێهاتووە.

سەرچاوەکانی هەنگاو ڕایانگەیاندووە کە سپای پاسداران دوای ئەو تێکهەڵچوونە بەرزاییەکانی ئەو ناوچەیە تۆباران کردووە.

هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە زانیارییەک لە سەر زیانە گیانییەکانی لایەنەکانی ئەو شەڕە بڵاو نەکراوەتەوە و هیچ حیزبێکی کوردستانیش بەرپرسیارێتی شەڕەکەی بە ئەستۆ نەگرتووە.

لەلایەکی دیکەوە نیمەڕۆی ڕۆژی سێشەممە ١٥ی ڕەزبەر، لە بەرزاییەکانی ژاوەرۆی سنە تێکهەڵچوونێکی چەکداری لەنێوان هێزەکانی سپای پاسداران و هێزێکی کوردستانی ڕووی داوە کە سپا دوای تێکهەڵچوونەکە ئەو ناوچانەی تۆباران کردووە. هەتا ئێستا زانیاری زیاتر لە سەر ئەو شەڕە بە دەستی هەنگاو نەگەیشتووە.

هەروەها، بە پێی ڕاگەیەندراوێک کە یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵات (ی ر ک) باڵی سەربازی کۆمەلگەی دیمۆکراتیکی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کۆدار) بڵاوی کردووەتەوە، ڕۆژی چوارشەممە ٩ی ڕەزبەری ٢٧٢٠ (٣٠ی سێپتامبری ٢٠٢٠)، لە ئاکامی تێکهەڵچوونێکی چەکدارەنە لە بەرزاییەکانی نزیک گوندی تیلەکۆی کامێران گریلایەکی ئەو حیزبە بە ناوی ”دانیال دووستی“ کە خەڵکی مەریوان بووە، گیانی لە دەست داوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە