سێ حەفتەیە چارەنووسی دوو مێرمنداڵی دەستبەسەر کراوی مەریوانی نادیارە

هەنگاو: سەرەڕای تێپەڕینی سێ حەفتە لە دەستبەسەر کرانی دوو مێرمنداڵی خەڵکی شارەدێی نێ سەر بە مەریوان چارەنووسیان نادیارە.

٨ ڕەشەمە ٢٧١٩، ١١:١٩

 

هەنگاو: سەرەڕای تێپەڕینی سێ حەفتە لە دەستبەسەر کرانی دوو مێرمنداڵی خەڵکی شارەدێی نێ سەر بە مەریوان چارەنووسیان نادیارە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرەڕای تێپەڕینی سێ حەفتە لە دەستبەسەر کرانی دوو مێرمندانی تەمەن ١٦ ساڵی خەڵکی شارەدێی ”نێ“ سەر بە شاری مەریوان بە ناوەکانی ”ئوسامە بامداد“ کوڕی ئارام و ”حەمید ئەژدەری“ کوڕی مەحموود، هیچ زانیارییەک لە سەر چارەنووسیان لە بەر دەست دا نییە.

سەرچاوەیەکی نزیک لەو دوو بنەماڵەیە لەوبارەوە بە هەواڵنێری هەنگاوی ڕاگەیاند کە سەرباری بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەی ئەو دوو مێرمنداڵە، ناوەندە ئەمنییەکان خۆیان وڵامدەر نازانن و نەیانتوانیوە کە هیچ جۆرە پەیوەندییەکیان لەگەڵ ڕۆڵەکانیان هەبێت و هەر ئەمەش بووەتە هۆی نیگەرانی ئەو بنەماڵانە.

ئەو سەرچاوەیە کە بە هۆکاری ئەمنی نەیویست ناوی ئاشکرا بیت لە درێژەدا وتی: “ئەو دوو مێر منداڵە دوای دەستەبسەر کران بۆ سنە گوازراونەتەوە و دایکی حەمید تووشی خەمۆکی بووە و جارێکیش بە هۆی ناجێگیر بوونی باری تەندروستی بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گوازراوەتەوە.

ئوسامە بامداد و حەمید ئەژدەری ڕۆژی شەممە ١٩ی ڕێبەندانی ٢٧١٩ (٨ی فێوریەی ٢٠٢٠)، لەلایەن هیزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان لە کلوبێکی وەرزشی و بە بێ نیشان دانی بەڵگەی یاسایی، دەستبەسەر و لەکاتی دەستبەسەر کران ئازار و ئەشکەنجە درابوون.

ئەو دوو مێرمنداڵە کە هەردوویان تەمەنیان ١٦ ساڵ بووە بە تۆمەتی هاوکاری کردنی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ئێران دەستبەسەر کراون.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە