سێ هاووڵاتیی خەڵکی سەقز و دیواندەرە حوکمی بەندکرانیان بە سەردا سەپا و دەستبەسەر کران

هەنگاو: سێ ئەندامی بنەماڵەیەک کە زستانی ڕابردوو لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوون لەلایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئێرانەوە حوکمی بەندکرانیان بە

٢٠ خەزەڵوەر ٢٧٢٠، ١٩:٠١

 

هەنگاو: سێ ئەندامی بنەماڵەیەک کە زستانی ڕابردوو لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوون لەلایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئێرانەوە حوکمی بەندکرانیان بە سەردا سەپاوە و دەستبەسەر کراون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی خەزڵوەری ٢٧٢٠ (٨ی نۆڤەمبری ٢٠٢٠)، سێ هاووڵاتیی خەڵکی سەقز و دیواندەرە بە ناوەکانی حامید شێخی، نەبی مولاوەیسی و ئەیووب کاکاخانی کە پێشتر لەلایەن دادگای شۆڕشی سنەوە حوکم درابوون، بە مەبەستی تێپەڕاندنی حوکمەکەیان دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەکانی سەقز و بیجاڕ کراون.

ئەو سێ هاووڵاتییە ڕۆژی هەینی ٢٥ی ڕێبەندانی ٢٧١٩ (١٤فێوریەی ٢٠٢٠) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز دەستبەسەر و دوای ٤٠ ڕۆژ ڕیکەوتی ٧ی خاکەلێوەی ٢٧٢٠ (٢٦ی مارسی ٢٠٢٠) هەر کامەیان بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی هەتا بەڕێوەچوونی دانیشتنی دادگا ئازاد کران.

حامید شێخی و دوو زاوەکەیان بە ناوەکانی نەبی مولاوەیسه خەڵکی سەقز و ئەیووب کاکاخانی خەڵکی دیواندەرە لەکاتێکدا دەستبەسەر کران کە سەرقاڵی بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی ساڵوەگەری گیانبەختکردنی ڕەئووف شێخی گریلای پارتی ژیانی ئازادی کوردستان بوون.

ئەو سێ هاووڵاتییە دواجار مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر سەعیدی بە تۆمەتی هاوکاری پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) هەر کامەیان حوکمی یەک ساڵ بەندکرانیان بە سەردا سەپا کە دەاتر لەلایەن دادگای پێداچوونەوە حوکمەکانیان بۆ ٤ مانگ بەندکران و هەژمار کردنی ئەو ماوەی دەستبەسەر کرابوون، کەم کرایەوە.

سەرچاوەکانی هەنگاو ڕایانگەیاندووە کە ئەیووب کاکاخانی بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمی بەندکرانەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی بیجاڕ و حامید شێخی و نەبی مولاوەیسە ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی سەقز کراون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە