سێ هاووڵاتیی دیکە لە شنۆ دەستبەسەر کران

هەنگاو: سێ هاووڵاتیی دیکە لە شاری شنۆ دەستبەسەر کراون و بەمەش ژمارەی ئەو هاووڵاتییانەی لە ماوەی ئەم چەند ڕۆژەدا لەو شارە

١٨ پووشپەڕ ٢٧٢٠، ١١:٤٠


هەنگاو: سێ هاووڵاتیی دیکە لە شاری شنۆ دەستبەسەر کراون و بەمەش ژمارەی ئەو هاووڵاتییانەی لە ماوەی ئەم چەند ڕۆژەدا لەو شارە دەستبەسەر کراون گەیشتە ٨ کەس.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ١٦ی پووشپەڕی ٢٧٢٠ (٦ی ژوئیەی ٢٠٢٠)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شنۆ لە گەڕەکی سەلیم ئاوای ئەو شارە سێ کەسیان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.


هەواڵنێری هەنگاو لە شاری شنۆ ناسنامەی ئەو سێ لاوە کوردەی کەیوان شوانی تەمەن ٢٦ ساڵ و کوڕی قەرەنی، ئەبووبەکر عەبدی تەمەن ٢٣ ساڵ و کوڕی عەزیز و بێهرووز بایزیدی تەمەن ٢٥ ساڵ و کوڕی مستەفا ڕاگەیاندووە.


بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو سێ لاوە کوردە بە تۆمەتی هاوکاری کردنی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری حکوومەت دەستبەسەر کراون و چارەنووسیان نادیارە.


لە ماوەی ڕۆژانی شەممە و یەکشەممەی ئەم حەفتەیە پێنج هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی شنۆ بە ناوەکانی سەعید تابناک، ئەبووبەکر بیلال، ئەسکەندەر محەمەدپوور، ڕەحیم ڕەفعەتی و ڕەحمان تابش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەو شارەوە دەستبەسەر کراون.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە