سێ هاووڵاتیی کورد لە سونقوڕ و کولیایی، بۆ جێبەجێ کرانی حوکمەکەیان دەستبەسەر کران

هەنگاو: سێ هاووڵاتیی کورد لە شاری سونقوڕ و کولیایی سەر بەپارێزگای کرماشان لە لایەن دامەزراوە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران.

٢٥ خەزەڵوەر ٢٧٢٠، ١٢:١٦

 

هەنگاو: سێ هاووڵاتیی کورد لە شاری سونقوڕ و کولیایی سەر بەپارێزگای کرماشان لە لایەن دامەزراوە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە، ۲۹ی خەزەڵوەری ۲۷۲۰ (١١ی نۆڤەمبری ۲۰۲۰) هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شارستانی سونقوڕ و کولیایی، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی سێ چالاکی سیاسی و بەندکراوی سیاسیی پێشوو، بە ناوەکانی "سەعید سەمیمی" تەمەن ۲٤ ساڵ و دەرچووی بەشی دەرمانسازی، "کەسرا بەنی عامریان"، تەمەن ۲٤ ساڵ و دەرچووی بەشی ئابووری و "سەعید ئەسغەری"، تەمەن ٥۱ ساڵ و دەستبەسەریان کردوون.

بە پێی ڕاپۆرتی پەیامنێری هەنگاو، ئەو سێ هاووڵاتییە، پاش چەند کاتژمێر لێپێچینەوە، بۆ بەندی چواری بەندیخانەی ئێڤینی تاران گوازراونەتەوە.

ئەم سێ هاووڵاتییە کوردە، ساڵی ٢٧١٧ لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستەبەسەر کران و ساڵێک دواتر لە لایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی تارانەوە، بە بێ ئەوەی مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەریان هەبێ، بە تۆمەتی هاوکاری کردنی ڕێکخراوی موجاهیدینی خەلق، سزای پێنج ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی کۆبوونەوە و پیلان لە دژی ئاسایشی نەتەوەییش، سزای پێنج ساڵ بەندکرانی دیکەیان بۆ بڕایەوە. لقی ٣٦ی دادگای شۆڕشیش بە سەرۆکایەتیی دادوەر زەرگەر، سزاکەیانی وەک خۆی پەسند کردووە.

بە پێی یاسای کۆکردنەوەی حوکمەکان، قورسترین سزای ئەم کەسانە لەسەریان جێبەجێ دەکرێت و بەم پێیەش هەر کام لەوان دەبێ پێنج ساڵ لە بەندیخانە بمێنێتەوە.

دەستبەسەر کرانی ئەم سێ هاووڵاتییە بە مەبەستی جێبەجێ کردنی حوکمەکەیان لە کاتێکدایە کە پێشتر بە هیچ شێوەیەک داوایان لێ نەکرابوو خۆیان بە بەندیخانە بناسێنن.

هەروەها، "کەسرا بەنی عامریان" بە هۆی تووش بوونی بە شێرپەنجەی خوێن، خەریکی کیمیا دەرمانی بووە. دەستبەسەر کران و گواستنەوەی ئەم هاووڵاتییە بۆ بەندیخانە، بە لەبەرچاو گرتنی بڵاو بوونەوەی بەربڵاوی پەتای کڕۆنا لە ناو بەندیخانەکان، گیانی ئەو هاووڵاتییە دەخاتە مەترسییەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە