سێ کاسبکاری پیرانشاری بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی ئێران بە سەختی بریندار کران

هەنگاو: سێ کاسبکاری کورد لە بەرزاییەکانی سنووری پیرانشار کەوتنە بەر دەستڕێژی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئێران و بە سەختی بریندار بوون.

٩ جۆزەردان ٢٧٢٠، ٢٠:٢٤


هەنگاو: سێ کاسبکاری کورد لە بەرزاییەکانی سنووری پیرانشار کەوتنە بەر دەستڕێژی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئێران و بە سەختی بریندار بوون.


بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، رۆژی پێنجشەممە ٨ی جۆزەردانی ٢٧٢٠( ٢٨ی مای ٢٠٢٠)، سێ کاسبکاری کور بە ناوەکانی " کامیل گەوهەری"،" کەمال گەوهەری"، تەمەن ٢٣ ساڵ و " رەسووڵ چەپلەک" هەر سێ خەلکی پیرانشار، کەوتنە بەر دەستڕێژی هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئێران و بە سەختی بریندار بوون.


هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بە گومانی هەڵگرتنی شتومەکی قاچاخ تەقەیان لەو کاسبکارە کوردانە کردووە. کاسبکارە بریندارەکان بۆ چارەسەریی پزیشکی بەڕێ کراون بۆ ناوەدنیی چارەسەریی " چۆمان" لە باشووری کوردستان.


شایانی باسە بە پێی هەواڵەکانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، هەر دوێنێ پێنجشەممە کاسبکارێکی دیکەی کورد و خەڵکی سەقز بە ناوی "هادی گولابی" تەمەن ٤١ ساڵە، هەو بەو گومانە لە جادەی بروجێردی پارێزگای لوڕستان کەوتە بەر دەستڕێژی هێزی ئینتزامیی کۆماری ئیسلامی و گیانی لەدەست دا. ناوبراو خێزاندار و خاون دوو منداڵ بوو.


هەنگاو هەروەها رایگەیاند کە هەر دوێنێ پێنجشەممە دەستەیەک کۆڵبەری کورد لە شاری خۆی کەوتنە بەر دەستڕێژی راستەوخۆی گوللەی هێزە چەکدارەکانی ئێران و دوو کەسیان بە ناوەکانی "موحسێن دەرویشزادە" و " ئیبراهیم جوردیزج" گیانیان لە دەست دا.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە