سێ کۆڵبەر لە سنوورەکانی ئورمیە بوونە قوربانی

هەنگاو: سێ کۆڵبەری دیکە لە سنووری پارێزگای ئورمیە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندار کران.

٢٩ ڕەزبەر ٢٧١٨، ١٠:٣٦

 

هەنگاو: سێ کۆڵبەری دیکە لە سنووری پارێزگای ئورمیە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بوونە قوربانی کە یەکێکیان لە ئورمیە کوژراوە.

بەپێی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی رۆژانی ڕابردوو کۆڵبەریکی خەڵکی پیرانشار بە ناوی “ڕەحیم گردەسووری” خەڵکی ئاوایی”گردەسوور”ی پیرانشار لە سنووری ئەو شارە لەلایەن هێزەچەکدارەکانی ئێران درایە بەر دەسرێژی گوللە و بریندار کرا.

لەلایەکی دیکەوە، کۆڵبەرێکی خەڵکی سەردەشت بە ناوی “مستەفا حەسەنی” لە نزیک ئاوایی کانی زەردی سەردەشت لەلایەن هێزەچەکدارەکانی ئێران درایە بەر دەستدرێژی گوللە و بەتووندی بریندار کرا.

ئەو کۆڵبەرە ئێستا لە ناوەندە دەرمانیەکانی شاری سەردەشت لە ژێر چاوەدێریی پزیشکی دایە.

هەروەها کۆڵبەرێکی دیکەی خەڵکی ئاوای “هڵج”ی ناوچەی مەرگەوەڕی ئورمیە بە تەقەی ڕاستەوخۆی ئەو هێزانە کوژراوە، ناوی ئەو کۆڵبەرە گەنجە”زەکەریا بەکری” ڕاگەیەندراوە.

 

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە