سێ کەس لە شارەکانی پیرانشار، سەردەشت و ئورمیە لە پەتی سێدارە رزگاریان بوو

هەنگاو: لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا سێ بەندکراوی مەحکووم بە سێدارە لە شارەکانی پیرانشار، سەردەشت و ئورمیە، دوای لێخۆشبوونی بنەماڵە

٢٧ بەفرانبار ٢٧١٩، ١١:٠٢

 

هەنگاو: لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا سێ بەندکراوی مەحکووم بە سێدارە لە شارەکانی پیرانشار، سەردەشت و ئورمیە، دوای لێخۆشبوونی بنەماڵەی قوربانیەکان لە پەتی سێدارە ڕزگاریان بوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، هاووڵاتیەکی خەڵکی پیرانشار بە ناوی “ح. ئەلف” کە ساڵی ٢٧١٥ (٢٠١٥) دەستبەسەر کرابوو و بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، دوای لێخۆشبوونی بنەماڵەی کوژراوەکە، لە پەتی سێدارە ڕزگاری بوو.

ئەو هاووڵاتیە لە ساڵی چوار ساڵ پێش لە گوندی جڵدیان بە هۆی شەر و تێکهەڵچوون کەسێکی بە ناوی “ع . ئەلف” کوشتبوو  و دوای چوار ساڵ بە ندکران و لێخۆشبوونی ئەو کەسە حوکمەکەی هەڵوەشاوەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە و بە پشت بەستن بە ماڵپەڕی حکوومەتی “ئیرنا”، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا هاووڵاتیەکی خەڵکی سەردەشت کە پێنج ساڵ پێش بە هۆی کێشەی ئابووری، ئامۆزایەکی خۆی کوشتووە، دوای ڕەزامەندی و لێخۆشبوونی بنەماڵەی مامی لە پەتی سێدارە ڕزگاری بوو.

هەروەها بەندکراوێکی لە بەندیخانەی ئورمیە دوای ١٩ ساڵ بەندکران و  لێخۆشبوونی بنەماڵەی کوژراوەکە حوکمی سێدارەکەی هەڵوەشاوەتەوە.

هەواڵدەری ئیرنا ناسنامەی ئەو بەندکراوەی ڕانەگەیاندووە، بەڵام بڵاوی کردووتەو کە ئەو هاووڵاتیە بە تۆمەتی کوشتنی “ز، ئەلف” حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو و ئەو حوکمە لە دیوانی بەرزی وڵات پشتڕاست کراوەتەوە.

 

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە