سێ کەسی دیکە لە کوردستان دەستبەسەر و بەندکراوێکیش ئازاد کرا

هەنگاو: لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەر کردنی هاووڵاتیانی کورد، سێ هاووڵاتیی دیکە دەستبەسەر و هاووڵاتییەکی دەستبەسەر کراویش بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

٢٨ خەزەڵوەر ٢٧١٨، ١٨:٤٩

 

هەنگاو: لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەر کردنی هاووڵاتیانی کورد، سێ هاووڵاتیی دیکە دەستبەسەر و هاووڵاتییەکی دەستبەسەر کراویش بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە (٢٨ی خەزەڵوەری ٢٧١٨/ ١٩ی نۆڤەمبری ٢٠١٨)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان لاوێکی دیکەی خەڵکی شارەدێی نێ سەر بەو شارەیان بە ناوی ”محەمەد دادڕەسی“ تەمەن ٣٣ ساڵ و کوڕی حامید دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیاریان گوازستوەتەوە.

شەوی ڕابردووش هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی شارەدێی نێ بە ناوی ”سەلمان ئەفرا“ تەمەن ٢٢ ساڵ دوای بانگهێشت کرانی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان دەستبەسەر کرابوو.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە بە تۆمەتی هاوکاری کردنی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ئێران دەستبەسەر کراون.

لەلایەکی دیکەوە، بڕیار کاوە، یەکێکی دیکە لە دانیشتوانی ئەو گوندە کە ٣٣ ڕۆژ پێش دەستبەسەر کرابوو، بە دانانی بارمتەی ٧٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کراوە.

هەروهەا، لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لاوێکی تەمەن ٣٠ ساڵی خەڵکی سەلاسی باوەجانی بە ناوی سالار ئەحمەدی کوڕی حوسێن لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەستبەسەر کراوە و چارەنووسی نادیارە.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە