سەدان بەندکراو لە بەندیخانەی ئورمیە مانیان گرتووە و بەرپرسان هەڕەشەی لەسێدارەدانیان لێ دەکەن

هەنگاو: دوای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە ناو بەندیخانەی ئورمیە و گواستنەوەی ٤ بەندکراوی دیکەی تووشبوو بەو نەخۆشییە بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی دەرەوەی

١٥ ڕەشەمە ٢٧١٩، ١٥:٥٨

 

هەنگاو: دوای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە ناو بەندیخانەی ئورمیە و گواستنەوەی ٤ بەندکراوی دیکەی تووشبوو بەو نەخۆشییە بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی دەرەوەی بەندیخانە، سەدان بەندکراوی ڕاگیراو لە بەندی ١٥ی ئەو بەندیخانەیە مانیان لە خواردن گرتووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو و بەرەبەیانی ئەمڕۆ ٤ بەندکراوی تووشبوو بە پەتای کۆرۆنا لە بەندی ١٥ی بەندیخانەی ئورمیە بۆ دەرەوەی بەندیخانە گوازراونەتەوە، هەموو بەندکراوانی ڕاگیراو لە بەندی ١٥ بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە نەبوونی خزمەتگوزاری تەندروستی و کەمتەرخەمی بەرپرسان بە نیسبەت بڵاوبوونەوەیپەتای کرۆنا لە بەندیخانە، لە ئەمڕۆوە مانیان لە خواردن گرتووە.

یەکێک لە بەندکراوانی بەندیخانەی ئورمیە وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەو زانیاریانە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە سەرجەم بەندکراوان ئەمڕۆ خواردنی نیمەڕۆیان نەخواردووە و ئەمەش کاردانەوەی بەرپرسانی لێکەوتووەتەوە.

بە وتەی ئەو بەندکراوە، دادوەری چاوەدێر، سەرۆکی گشتی و سەرۆکی بەندیخانەی ئورمیە چوونەتە ناو بەندی ١٥ و داوایان لە بەندکراوەکان کردووە کە مانگرتنەکەیان بشکێنن و هەڕەشیان کردووە کە ئەگەر ئەو کارە نەکەن، ئەوانەی حوکمی سێدارەیان هەیە حوکمەکەیان جێبەجێ دەکرێت.

بە پێی ئەو ڕاپۆرتەی کە بە دەستی هەنگاو گەیشتووە، لە بەندی ١٥ی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە کە بەندی تایبەت بە بازرگانانی ماددە سڕکەرەکانە، زیاتر لە ٤٥٠ بەندکراو ڕاگیراون کە نزیکەی ٤٥٪ی ئەو بەندنکراوانە حوکمی سێدارەیان بە سەردا سەپاوە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لانیکەم ١٠ بەندکراوی تووشبوو بە پەتای کرۆنا بۆ دەرەوەی بەندیخانەی ئورمیە گوازراونەتەوە کە یەکێکیان گیانی لە دەست داوە.

 

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە