سەربازێکی مەریوانی لەلایەن دادگای سەربازییەوە حوکمی ١٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا

هەنگاو: سەربازێکی لاوی خەڵکی مەریوان لەلایەن دادگای سەربازی شاری سنەوە بە تۆمەتی هاوکاری کردنی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ئێران

١٠ ڕەشەمە ٢٧١٨، ١٧:٥٠

 

هەنگاو: سەربازێکی لاوی خەڵکی مەریوان لەلایەن دادگای سەربازی شاری سنەوە بە تۆمەتی هاوکاری کردنی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ئێران حوکمی بەندکرانی بەسەردا سەپا.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا دادگای سەربازی شاری سنە بە تۆمەتی هاوکاری کردنی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ئێران حوکمی ١٥ ساڵ بەندکرانی بەسەر ”تەحسین پیرووزی“  خەڵکی مەریوان سەپاندووە.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی پیرووزی کە بە هۆکاری ئەمنی نەیویست ناوی ئاشکرا بێت لەوبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە، دادگای سەربازی خۆی پارێزەرێکی بۆ تەحسین داناوە و ئیزنی نەداوە کە تەحسین پارێزەرێک دیکە بۆ خۆی دیاری بکات.

ئەو سەرچاوەیە لەدرێژەدا وتی کە دادوەر بە بنەماڵەی تەحسینی ڕاگەیاندووە کە جیا لەو حوکمە دووریشی دەخەنەوە بۆ  بەندیخانەی بەندەرعەباس باشووری ئێران. بنەماڵەی پیرووزی تانەیان لەو بڕیارە داوە و چاوەڕوانی حوکمی کۆتایی دادگای پێداچوونەوە دەکەن.

حسین پیرووزی کوڕی تەعلیم و  خەڵکی گوندی سەردۆشی مەریوان کە تەنیا ١٩ ساڵ تەمەنی هەیە، لە  پایگای سپای پاسداران لە گوندەکەی خۆیان سەرباز بووە و لەکاتێکدا تەنیا سێ مانگ مابوو هەتا سەربازییەکەی تەواو بکات، لە ڕێکەوتی (٢٤ی ڕەزبەی ٢٧١٨ / ١٧ی ئۆکتۆبری ٢٠١٨) دەستبەسەر کراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە