سەردەشت .. کۆڵبەرێکی دیکە بە تەقەی چەکدارانی ئێران کوژرا + ئامار

هەنگاو: کۆڵبەرێکی دیکەی خەڵکی سەردەشت بە تەقەی ئەنقەست و ڕاستەوخۆی چەکدارانی ئێران لە سنووری ئەو شارە گیانی لە دەست دا.

١٨ جۆزەردان ٢٧١٨، ١٤:٣٠

 

هەنگاو: کۆڵبەرێکی دیکەی خەڵکی سەردەشت بە تەقەی ئەنقەست و ڕاستەوخۆی چەکدارانی ئێران لە سنووری ئەو شارە گیانی لە دەست دا.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی ”هەنگاو“، شەوی پێنج شەممە (١٧ی جۆزەردانی ٢٧١٨ /  ٧ی ژوئەنی ٢٠١٨)، هێزە چەکدارەکانی جێگیر لە پایگای کەپرانی سەردەشت پۆلێک لە کۆڵبەرانی کوردیان داوەتە بەر دەستڕێژی گوللە.

لە ئاکامی ئەو دەستڕێژەدا کە بە بێ هیچ جۆرە ئاگادارکردنەوەیەکی کۆڵبەران ئەنجام دراوە، کۆڵبەرێکی خەڵکی سەردەشت بەناوی ”ئەسکەندەر . ف“  کوڕی حەمزە گیانی لە دەست داوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە چەکدارەکانی ئێران دوای کوشتنی ئەسکەندەر تەرمەکەیان بۆ ئورمیە گواستوەتەوە و هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە ڕادەستی بنەماڵەکەیان نەکردوەتەوە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لەناوەندی ئاماری ”هەنگاو“ لەماوەی ١٧ مانگی ڕابردوودا (سەرەتای ٢٠١٧)، ١٧ کۆڵبەری کورد لە سنووری سەردەشت گیانیان لە دەست داوە کە ١٢ کەسیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە