سەعید ئیقباڵی هێشتا لە مافی چارەسەریی پزیشکی بێبەشە

هەنگاو: سەعید ئیقباڵی، چالاکی مەدەنیی کورد کە لە بەندیخانەی ئێڤین ماوەی حوکمەکەی تێپەڕ دەکات، باری تەندرووستیی ناجێگیرە و ماوەی دوو

٤ بەفرانبار ٢٧٢٠، ١١:٢٤

 

هەنگاو: سەعید ئیقباڵی، چالاکی مەدەنیی کورد کە لە بەندیخانەی ئێڤین ماوەی حوکمەکەی تێپەڕ دەکات، باری تەندرووستیی ناجێگیرە و ماوەی دوو مانگە کە بەرپرسانی بەندیخانەکەش مۆڵەتی پێ نادەن بۆ ناوەندیی چارەسەریی پزیشکی بەڕێ بکرێت. 

بە گوێرەی راپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەعید ئێقباڵی، بەندکراوی سیاسیی خەلکی کرماشان، کە ماوەی ٥ ساڵ حوکمەکەی لە بەندیخانەی ئێڤیندا تێپەڕ ئەکات، سەرەڕای ئەوەیکە ٧٠ لە سەدی پەردەی گوێی راستی دڕاوە و چڵکی کردووە بەڵام بەرپرسانی بەندیخانەکە لە ناردنی ناوبراو بۆ ناوەندی چارەسەری پزیشکی خۆ دەبوێرن. ئەمەش لە حاڵێکدایە کە دوو مانگە پزیشکەکانی بەندیخانە ڕایانگەیاندووە کە پێویستە نەشتەرگەری بۆ بکرێت.

پێشتر هەنگاو ڕایگەیاندبوو کە ، مۆڵەتنەدان بە چارەسەری پزیشکی بە ئەم بەندکراوە سیاسییە لە حاڵێکدایە کە دوکتوری بەندیخانەکە تا ئێستا ٥ جار بە شێوەی نووسراوە رایگەیاندووە کە گوێی راستی سەعید دەبێ نەشتەرگەری بۆ بکرێ دەنا هەستی بیستنی بە تەواوەتی لە دەست دەدا.

شایانی باسە کە سەعید ئێقباڵی ساڵی ٢٧١٧( ٢٠١٨) لە کاتی دەستبەسەرکراندا لە لایەن هێزەکانی ئێرانەوە ئەکەوێتە بەر کۆتان و لێدان و پەردەی گوێی راستی دەدڕێ.

سەعید ئیقباڵی، خوێندکاری خەڵکی کرماشان، رێکەوتی ١٢ی رێبەندانی ٢٧١٨( ١ی فورییەی ٢٠١٨) لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ئێرانەوە لە ماڵەکەی دەستبەسەر و بۆ بەندی ٢٠٩ی بەندیخانەی ئێڤین بەرێ کرابوو. ناوبراو پاش دوو مانگ لە رێکەوتی ٢٢ی خاکەلێوەی ٢٧١٩بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.


ئەو چالاکی کوردە خەرمانانی ساڵی ٢٧١٩ لە لایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر محەممەد مەقیسە، بە تۆمەتی " کووبوونەوە و پیلان بە مەبەستی هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی" حوکمەی ٥ ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی " چالاکیی تەبلیغیی دژی نیزام" حوکمی یەک ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا. ئەو حوکمە رەشەمەی ٢٧١٩ لە لایەن لقی ٣٦ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای تاران پەسند کرا.

  سەعید ئیقباڵی ڕۆژی یەکشەممە ١١ی جۆزەردانی ٢٧٢٠ (٣١ی مەی ٢٠٢٠)، پاش بانگ کران بۆ بەشی جێبەجێکردنی حوکمەکان لە دادسەرای ئێڤئن، دەستبەسەر و بۆ تێپەڕاندنی حوکمی پێنج ساڵ بەندکرانی، رەوانەی بەندیخانەی ئێڤین کرا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە