سەقز؛ مردنی گوماناوی ژنێکی پەرستار بە هۆی توندوتیژی خێزانییەوە

هەنگاو: تەرمی ژنێکی گەنجی خەڵکی شاری سەقز لە ماڵەکەی خۆیدا دۆزرایەوە کە ئاسەواری ئەشکەنجە و شین بوونەوە بە سەر و دەموچاو و ج

١٨ ڕەشەمە ٢٧٢١، ٠٨:٥٣

 

هەنگاو: تەرمی ژنێکی گەنجی خەڵکی شاری سەقز لە ماڵەکەی خۆیدا دۆزرایەوە کە ئاسەواری ئەشکەنجە و شین بوونەوە بە سەر و دەموچاو و جەستەی ناوبراو دیار بووە و چەند بەشێک لە قژی بڕاوەتەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ٢ی بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ١٦ی ڕەشەممەی ٢٧٢١ (٧ی مارسی ٢٠٢٢ (، پیاوێکی خەڵکی سەقز پەیوەندی بە فریاکەوتنی خێرای ئەو شارە کردووە و هەواڵی خۆکوشتنی ژنەکەی بە ناوی فەوزیە ئەمینی تەمەن ٣٧ ساڵ ڕاگەیاندووە.

هەنگاو زانیویەتی کە دوای ئەوەی پرسنێلی ١١٥ چوونەتە شوێنی ڕووداوەکە، تەرمی فەوزیە ئەمینی بۆ نەخۆشخانەی «خومەینی» گوازراوەتەوە کە ناوبراو خۆی یەکێک لە پەرستارەکانی ئەو نەخۆشخانەیە بووە.

یەکێک لە پەرستارەکانی نەخۆشخانەکە کە تەرمی هاوکارەکەی خۆی بینیوە لەو پەیوەندییەدا بە هەواڵنێری هەنگاوی ڕاگەیاند: «بەشێکی زۆر لە قژی فەوزیە بڕاوە و ئاسەواری لێدان و ئەشکەنجە و شینبوونەوە بە دەموچاو و جەستەیەوە بینراوە».

شووی فەوزیە ئەمینی بە ناوی محەممەد فەرەج زادە کە خۆیشی پەرستاری نەخۆشخانەی «شەفا» ی شاری سەقزە لەو بارەوە و توویەتی کە ژنەکەم خۆی هەڵواسیوە. ناوبراو هەروەها بە نزیکەکانی خۆی وتووە: «پێش ئەوەی لە ماڵەوە بچمە دەر ژنەکەم وتوویە کە ئەمڕۆ خۆم دەکوژم».

هەر لەو پەیوەندییەدا یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی ئەمینی بە هەنگاوی وت: «ئێمە هێشتا ناتوانین بە دڵنیاییەوە لە سەر کوژران یان خۆکوشتنی ناوبراو قسە بکەین. تەرمی فەوزیە براوەتە پزیشکی داد و توێکاری پزیشکی بۆ کراوە و ئێمە چاوەڕوانی وەڵامی کۆتایی پزیشکی داد دەکەین».

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا بە مەرجی پارێزراو بوونی ناسنامەی وتی: «لە ماوەی ڕابردوودا فەوزیە و شووەکەی کێشەی جیدییان هەبووە و چەندین جار لەلایەن شووەکەیەوە لێی دراوە. تەنانەت چەند ڕۆژ پێش بنەماڵەی فەوزیە کە بەمەبستی نێوبژیوانی چوون بۆ ماڵیان، لەلایەن شووەکەیەوە ڕێگایان پێنەدراوە کە بچنە ماڵەوە و پێیانی وتووە کە ئەمە ژیانی خۆمانە و بە ئێوە هیچ پەیوەندییەکی نییە».

یەکێکی دیکە لە پەرستارانی نەخۆشخانەی خومەینی کە هاوکات هاوکاری فەوزیەش بووە لە پەیوەندییەکدا لەگەڵ هەنگاو وێڕای ئەوەی ئەگەری کوژرانی ناوبراوی بەهێز لە قەڵەم دا وتی: «زۆربەی هاوکارەکانمان پێداگرن لەسەر ئەوەی کە فەوزیە کوژراوە و لەسەر ئەو بڕوایەن کە بەهۆی دەست ڕۆیشتووی بنەماڵەی شووەکەی لە پزیشکی داد، ئەگەری دەستتێوەردان لە دەرەنجامی کۆتایی پزیشکی داد لەو بارەوە زۆرە».

سەرچاوەکانی هەنگاو لە سەقز ڕایانگەیاندووە کە بنەماڵەی ئەمینی سکاڵایان لە سەر زاواکەیان تۆمار کردووە، بەڵام محەممەد فەرەج زادە هێشتا ئازادە و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر نەکراوە. هەروەها شەوی پێش ڕووداوەکە محەممەد دوو منداڵەکەی بردووەتەوە ماڵ باوکی و ئەو شەوە هەر خۆیان دوو کەسی لە ماڵەوە بوون.

جێگای ئاماژەیە ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی تەرمی فەوزیە ئەمینی کە دایکی دوو منداڵی ١٤ و ٤ ساڵە بووە کاتژمێر ١١ی بەیانی سێشەممە لە یەکێک لە گۆڕستانەکانی شاری سەقز بەڕێوەچووە.

هەنگاو هەتا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە ناتوانێت کوژرانی فەوزیە یان خۆکوژی ناوبراو پشتڕاست بکاتەوە و لە ئەگەری دەستکەوتنی زانیاری زیاتر بەردەنگانی خۆی لەو بابەتە ئاگادار دەکاتەوە.

بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتێکی هەنگاو کە لەم ڕۆژانەدا بڵاو بووەتەوە، لە مەودای مارسی ٢٠٢١ هەتا مارسی ٢٠٢٢ لانی کەم ٤١ ژن لە شارە جیاوازەکانی کوردستان کوژراون کە ١٧ حاڵەتی واتە ٤١.٥٪ی کۆی حاڵەتەکان بە دەستی شووەکانیان کوژراون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە