سەقز/ لە ماوەی دوو حەفتەدا سێ مێرمنداڵ خۆیان کوشتووە

هەنگاو: لە ماوەی دوو حەفتەی ڕابردوودا دوو کچ و کوڕێکی مێرمنداڵ لە شاری سەقز هەوڵی خۆکوشتنیان داوە و کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

١٦ جۆزەردان ٢٧٢٠، ١١:٥٧


هەنگاو: لە ماوەی دوو حەفتەی ڕابردوودا دوو کچ و کوڕێکی مێرمنداڵ لە شاری سەقز هەوڵی خۆکوشتنیان داوە و کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شەوی چوارشەممە ١٤ی جۆزەردانی ٢٧٢٠ (٣ی ژوئەنی ٢٠٢٠)، کوڕێکی تەمەن ١٦ ساڵ بە ناوی ”دانیال حوسێن پوور“ لە گەڕەکی قەوەخی سەقز خۆی هەڵواسیوە و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.


بنەماڵەی دانیال ڕایانگەیاندووە کە هۆکاری خۆکوشتنی کوڕەکەیان نازانن. بەڵام ئەوەی ڕوونە، دۆخی ئابووری ئەو بنەماڵەیە نابارە بە جۆرێک کە باوکی دانیال لە بەرانبەر وەرگرتنی بڕە پارەیەکی کەم، تاوانی کەسێکی دیکەی بە ئەستۆ گرتووە و ماوەی دوو ساڵە لە بەندیخانەی سەقز ڕاگیراوە.


هەمان ڕۆژ، کچێکی تەمەن ١٤ ساڵی خەڵکی سەقز بە ناوی ”ئاڵا عەنبەری“ بە هۆکارێکی نادیار خۆی هەڵواسیوە و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.


هەروەها، ڕۆژی شەممە ٣ی جۆزەردانی ٢٧٢٠ (٢٣ی مەی ٢٠٢٠)، کچێکی تەمەن ١٧ ساڵی خەڵکی گوندی ”قەبەغڵوو“ سەر بە شاری سەقز بە ناوی ”موفیدە حەسەن نژاد“ خۆی هەڵواسیوە و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.


هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ئەو کچە ١٧ ساڵەیە بڕیار بووە ژیانی هاوبەش ۆپێک بێنێت، بەڵام بە هۆی ئەوەی خـێزانەکەی هەژار و دەستکورت بوون و توانایی دابین کردنی ناوجیازییان نەبووە، خۆی هەڵواسیوە.


بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠ (ماوەی پێنج مانگ)، لانیکەم ١٦ منداڵی ژێر ١٨ ساڵ لە شارە جیاجیاکانی کوردستان کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە کە ٨ کەسیان کچ و ٨ کەسیان کوڕ بوون.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە