سەلمان ئەفرا حوکمی ٥ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی شارەدێی نێ سەر بە مەریوان لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە حوکمی بەندکرانی بەسەردا سەپا.

١٠ خاکەلێوە ٢٧١٩، ١٢:١٨

 

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی شارەدێی نێ سەر بە مەریوان لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە حوکمی بەندکرانی بەسەردا سەپا.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، لاوێکی خەڵکی شارەدێی نێ بە ناوی سەلمان ئەفرا لە لایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە حوکمی پێنج ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەوە بە هەواڵنێری هەنگاوی ڕاگەیاند کە ئەو حوکمە لەلایەن دادگای شۆڕشی مەریوان و بە تۆمەتی هاوکاری کردنی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ئێران بە سەر ناوبراودا سەپێندراوە.

سەلمان ئەفرا ڕۆژی یەکشەممە (٢٧ی ڕەزبەری ٢٧١٨ / ١٨ی نۆڤەمبری ٢٠١٨) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان دەستبەسەر و ڕۆژی یەکشەممە (٢٨ی ڕێبەندان / ١٧ی فێوریە) بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی هەتا کاتی بەڕێوەچوونی دانیشتنی دادگا، ئازاد کرابوو.

سێ هاووڵاتیی دیکەی دانیشتووی ئەو گوندە ماوەیەک پێش ئێستا سەرجەم حوکمی ١٦ ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانیان بە سەردا سەپابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە