سەپاندنی حوکمی بەندکران بە تۆمەتی فرۆشتنی کتێبی ئینجیل

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی بۆکان بە تۆمەتی فرۆشتنی کتێبی ئینجیل لەلایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئێرانەوە حوکمی بەندکرانی بە سەردا سەپا.

٤ خەرمانان ٢٧١٩، ١٢:١٩

 

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی بۆکان بە تۆمەتی فرۆشتنی کتێبی ئینجیل لەلایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئێرانەوە حوکمی بەندکرانی بە سەردا سەپا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا ”مستەفا ڕەحیمی“ کوڕی عەلی لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای گشتی شاری بۆکانەوە حوکمی ٣ مانگ و یەک ڕؤژ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە.

سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ڕەحیمی بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە ئەو حوکمە بە تۆمەتی فرۆشتنی کتێبی ”ئینجیل“ بە سەر مستەفادا سەپێندراوە.

مستەفا ڕەحیمی ڕێکەوتی ٢١ی جۆزەردانی ٢١٩ (١١ی ژوئەنی ٢٠١٩) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکانەوە دەستبەسەر و پاش ماوەیەک بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی و هەتا کاتی بەڕێوەچوونی دانیشتنی دادگا، ئازاد کرابوو.

ناوبراو دوای ئەوەی حوکمی بەندکرانی بە سەردا سەپاوە ماوەی ١٠ ڕۆژە دەستبەسەر کراوە و ئێستا لە بەندیخانەی ناوەندیی بۆکان سەرقاڵی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەیەتی.

مستەفا ڕەحیمی لە کۆڵانی بانکی میللی بۆکان کتێب فرۆشی هەبووە و لەو ڕێگایەو ژیانی خۆی بەڕێکردووە.

 

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە