سەپاندنی حوکمی بەندکرانی درێژماوە بە سەر چالاکانی کورد و بێ دەنگی میدیاکان لەوبارەوە

هەنگاو: لەماوەی مانگی ڕابردوودا ٤ هاووڵاتیی کورد لەلایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئێرانەوە حوکمی سەرەوەی سی ساڵ بەندکرانیان بە سەردا سەپاوە. ئەو حوکمانە لە لا

٨ خەزەڵوەر ٢٧١٩، ٢١:٣٨

 

هەنگاو: لەماوەی مانگی ڕابردوودا ٤ هاووڵاتیی کورد لەلایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئێرانەوە حوکمی سەرەوەی سی ساڵ بەندکرانیان بە سەردا سەپاوە. ئەو حوکمانە لە لایەن میدیا فارسی زمانەکانی ناوخۆ و دەرەوەی ئێران بایکۆت کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەماوەی مانگی ڕابردوودا ٤ چالاکی کورد بە تۆمەتی هاوکاری حیزبی دێموکرات و حیزبی کۆمەڵە حوکمی سەرووی ٣٠ ساڵیان بەسەردا سەپاوە کە بە شێوەی خوارەوەیە؛

 

١_ حەیدەر قوربانی خەڵکی کامیاران بە تۆمەتی هاوکاری لەگەل حیزبی دێموکرات لە چەند حوکمی جیادا سەرجەم حوکمی ١١٨ ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە. ٣٠ ساڵی ئەو حوکمە شیاوی جێبەجێ کردنە و ناوبراو ئێستا لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە ڕاگیراوە.

٢_  حوسێن عوسمانی خەڵکی مەهاباد بە تۆمەتی هاوکاری لە گەڵ حیزبی کۆمەڵە حوکمی ٣٠ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە. ناوبراو ئێستا لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری ئورمیە ڕاگیراوە.

٣_ مەحموود سادقی خەڵکی کامیاران بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکرات لە چەند حوکمی جیادا سەرجەم حوکمی ٤٠ ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە. ٣٠ ساڵی ئەو حوکمە شیاوی جێبەجێ کردنە و ناوبراو ئێستا لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە ڕاگیراوە.

٤_ محەمەد مورادی خەڵکی پیرانشار بە تۆمەتی ئەندامەتی حیزبی دێموکرات حوکمی ٣٣ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە. ناوبراو ئێستا لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری نەغەدە ڕاگیراوە.

 

حوسێن عوسمانی لە ٦ ساڵ پێش، حەیدەر قوربانی و مەحموود سادقی لە ٣ ساڵ پێش و محەمەد مورادی لە ٢ ساڵ پێشەوە بە بێ هەبوونی مافی مرەخەسی لە بەندیخانە ڕاگیراون و لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا ئەو حوکمانەیان بە سەردا سەپاوە.

چاوەدێران لەسەر ئەو بڕوایەن کە ڕووماڵ نەکردنی سەپاندنی حوکمی بەندکران بە سەر چالاکانی کورد لەلایەن میدیا فارسی زمانەکانەوە لەگەڵ بنەمای هەواڵنێری ئازاد ناتەبایە و دەتوانێ ئاکامی سیاسەتی لاگیرانەی ڕۆژنامەنووسانی چالاک لەو میدیایانە بێت.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە سەر ئەو بڕوایەیە کە بەکاربردنی سیاسەتی دوولایەنە لەمەڕ ڕووماڵکردنی هەواڵەکانی تایبەت بە پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لەئێران، دوورە لە بنەماکانی مافی مرۆڤ و پێویستە میدیاکان سەرباری  لایەنگیری سیاسی ئەندامەکانیان ڕەچاوی بکەن.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە