شارام فەرهادی ئازاد کرا، لە ماوەی مانگێدا ٣٨ بەندکراوی کورد ئازاد کراون

هەنگاو: شارام فەرهادی لە بەندیخانەی سنە ئازاد کرا و بە هەژمار کردنی ئەم حاڵەتە لە ماوەی مانگی ڕابردوودا ٣٨ بەندکراوی سیاسی و مەزهەبی ک

٢٠ خاکەلێوە ٢٧٢٠، ١٧:١٩


هەنگاو: شارام فەرهادی لە بەندیخانەی سنە ئازاد کرا و بە هەژمار کردنی ئەم حاڵەتە لە ماوەی مانگی ڕابردوودا ٣٨ بەندکراوی سیاسی و مەزهەبی کورد لە بەندیخانەکانی ئێران ئازاد بوون.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ١٩ی خاکەلێوەی ٢٧٢٠ (٧ی ئاوریلی ٢٠٢٠)، شارام فەرهادی بەندکراوی سیاسی کورد دوای ١٥ مانگ بەندکران بەر لێبوردنی نەورۆزی کەوت و لە بەندیخانەی سنە ئازاد کرا.


شارام فەرهادی، ڕۆژی پێنج شەممە ٢٥ی خەزەڵوەری ٢٧١٧ ( ١٦ی نۆڤەمبری ٢٠١٧) لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئێرانەوە لە کاتێکدا کە خەریکی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ بوومەلەرزە لێدراوانی کرماشان بوو، دەستبەسەر کرابوو.


ناوبراو دواجار ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی ڕێبەندانی ٢٧١٧ (١٢ی فوێریەی ٢٠١٨) لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی شاری سنەوە بە تۆمەتی هاوکاری کردنی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ئێران حوکمی ٤ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا و ئەو حوکمە لەلایەن دادگای پێداچوونەوە بۆ ٢ ساڵ کەم کرایەوە.


شارام فەرهادی ڕۆژی دووشەممە (١ی بەفرانباری ٢٧١٨ ( ٢١ی ژانویەی ٢٠١٩) بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی ٢ ساڵەی حوکمەکەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە گوازرایەوە.


بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری هەنگاو، لەماوەی مانگی ڕابردوودا ٣٨ بەندکراوی کورد (٢٠ سیاسی و ١٨ مەزهەبی) لە بەندیخانەکانی کرماشان، سنە، مەریوان، ئورمیە و نەغەدە و ڕەجایی شاری کەرەج بەر لێبوردنی نەورۆزی کەوتوون و لە بەندیخانە ئازاد کراون.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە