شاناز سادقی فەڕ بەندکراوی سیاسی کورد بە مەرج ئازاد کرا

هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی کورد کە لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیرابوو، بە مەرج لە بەندیخانە ئازاد کرا.

٧ ڕێبەندان ٢٧٢١، ١٩:٣٧

 

هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی کورد کە لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیرابوو، بە مەرج لە بەندیخانە ئازاد کرا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنج شەممە ٧ی ڕێبەندانی ٢٧٢١ (٢٧ی ژانویەی ٢٠٢٢)، شاناز سادقی فەڕ، بەندکراوی سیاسی خەڵکی ئورمیە دوای تێپەڕاندنی نیوەی سزای پێنج ساڵ بەندکرانەکەی، بە مەرج لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ئازاد کرا.

شاناز سادقی فەڕ (بێریڤان) پێشتر سێ ساڵ ئەندامی پارتی ئازادیی کوردستان بووە و لە مانگی خەرمانانی ساڵی ٢٧١٩ (سێپتامبری ٢٠١٩) لە پاش جیا بوونەوەی لەو حیزبە، لەگەڵ کچە تەمەن ١٧ ساڵەکەی بە ناوی ئایناز زارع گەڕاوەتەوە بۆ ئێران و هەردووکیان دەستبەسەر کرابوون.
ناوبراو سەرەنجام ڕۆژی سێ شەممە ٣١ی پووشپەڕ (٢١ی ژوییە) لە لایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ئورمیەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر شێخلوو، بە تۆمەتی ئەندام بوون لە پارتی ئازادیی کوردستان سزای ١٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو. ناوبراو لە کاتی پرۆسەی دادگایی کرانەکەیدا لە مافی هەبوونی پارێزەر بێبەش کرابوو.
ئەو سزایە ڕۆژی دووشەممە ٢ی ڕەشەممەی ٢٧٢٠ (٢٠ی فێبریوێری ٢٠٢١) لەلایەن لقی دووەمی دادگای شۆڕشی ئورمیە بۆ ٥ ساڵ و یەک ڕۆژ بەندکران کەم کرایەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە