شاکر بێهرووزی بەندکراوی سیاسی مەحکووم بە سێدارە لە دۆسیەیەکی دیکەدا دیسان حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپا

هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی خەڵکی ئوریە کە هاوینی ئەمساڵ لەلایەن دادگای شۆڕشی ئەو شارەوە حوکمی سێدارەی بە سەردا سەپابوو، بە تۆمەتی کوش

٦ بەفرانبار ٢٧٢٠، ١٥:٣٠

 

هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی خەڵکی ئوریە کە هاوینی ئەمساڵ لەلایەن دادگای شۆڕشی ئەو شارەوە حوکمی سێدارەی بە سەردا سەپابوو، بە تۆمەتی کوشتنی ئەندامێکی سپای پاسداران لە دۆسیەیەکی دیکەدا دیسان حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپاوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شاکر بیهرووزی، بەندکراوی سیاسی خەڵکی ئورمیە کە ئێستا لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگیراوە، لەلایەن لقی یەکەمی دادگای تاوانەکانی ئورمیەوە بە تۆمەتی کوشتنی ئەندامێکی سپای پاسداران حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپاوە.

دانیشتنی دادگای ئەو بەندکراوە سیاسییە ڕۆژی جوارشەممە ١٩ی سەرماوەزی ٢٧٢٠ (٩ی دێسامبری ٢٠٢٠) بەڕێوە چووە و ئەمڕۆ شەممە ٦ی بەفرانبار (٢٦ی دێسامبر) بە فەرمی حوکەمەکی پێ ڕاگەیەندراوە.

سەپاندنی حوکمی سێدارە بە سەر ناوبراو لە کاێکدایە کە، ئەو هاووڵاتییە کوردە خەرانانی ئەمساڵ لەلایەن لقی دووەمی دادگای شۆڕشی ئورمیەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر ”شەیخلوو“  بە تۆمەتی "بەغی" و  ”ئەندامەتی لە حیزبی کۆمەلە“حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپابوو.

سەپاندنی حوکمی سێدارە بە سەر شاکر بێهرووزی بە تۆمەتی ئەندامەتی کۆمەڵە لە کاتێکدایە کە ناوبراو پێشتر ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە و دوای جیابوونەوە لەو حیزبە گەڕاوەتەوە بۆ ئورمیە و دەستبەسەر کراوە.


 شاکر بێهرووزی خەڵکی دزەی مەرگەوەڕ، کۆتایی مانگی ڕەشەممەی ساڵی ٢٧١٩، لەلایەن لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە سەرۆکایەتی دادوەر “شەیخلوو” حوکمی ٥ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە. ئەو حوکمە بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەر ناوبراو دا سەپاوە و لە کاتی دانیشتنی دادگا لە هەبوونی مافی پارێزەر بێبەش بووە.

ناوبراو کە ماوەی ٧ مانگ ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە، دوای جیابوونەوە لەو حیزبە گەڕاوەتەوە بۆ ئێران و ڕۆژی سێشەممە ٢١ی ڕەشەممەی ٢٧١٨ (١٢ی مارسی ٢٠١٩) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە دەستبەسەر کراوە.
 

شاکر (فەرهاد) بێهرووزی،مانگی خاکەلێوەی ساڵی ڕابردوو بۆ ماوەی چەند ڕۆژ گوازرابوویەوە بەندیخانەی ئورمیە و دواتر سەرلەنوێ بۆ ژوورە تاکەکەسییەکانی دەستبەسەرگەی ئیتلاعات گوازرابوویەوە و سەرەتای ساڵی ٢٧٢٠ گەڕێندراوەتەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە.
 

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی بێهرووزی لەوبارەوە پێشتر بە هەنگاوی ڕاگەیاندبوو کە، شاکر ماوەی یەک ساڵ و ٩ ڕۆژ لە ژووری تاکەکەسی ئیداریە ئیتلاعات لەژێر ئەشکەنجە بووە هەتا دان بە تیرۆر کردنی ئەندامێکی ئیدارەی ئیتلاعات بنێت.
 

مامل محەمەدی کە ئەندامی سپای پاسداران بوو، ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی ڕەشەممەی ٢٧١٨ ( ١٣ی مارسی ٢٠١٨) لە ناوچەی مەرگەوەڕی ئورمیە بە دەستی گرووپێکی نەناسراو کوژرا کە دواتر گرووپی هەڵۆکانی زاگرۆس، کە گرووپێکی چەکداری نزیک لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە، بەرپرسیاتی ئەو هێرشەی گرتە ئەستۆ.

سەپاندنی حوکمی سێدارە بە سەر شاکر بێهرووزی بە تۆمەتی کوشتنی ئەو ئەندامەی سپای پاسداران لە حاڵێکدایە کە، لە کاتی کوژرانی ئەو ئەندامەی سپا شاکر بێهرووزی لە هەرێمی کوردستان بووە و ١٢ هاووڵاتیی خەڵکی دزەی مەرگەوەڕ حازر بوون لەوبارەوە شایەتی بدەن و سەرباری ئەوەی بنەماڵەی مامل محەمەدی لە سکاڵا کردن پاشگەز بوونەتەوە، بەڵام دواجار لەژێر گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان ناچار بوون کە دژی شاکر بێهرووزی سکاڵا تۆمار بکەن.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە