شنۆ میلیتاریزە کراوە و هاووڵاتییەکی دیکەش دەستبەسەر کرا

هەنگاو: هاوکات لەگەڵ میلیتاریزە کردنی شاری شنۆ هێزە ئەمنیەکانی حکومەتی ئێران هاووڵاتیەکی دیکەی کوردیان دەستبەسەر کرد.

١١ پووشپەڕ ٢٧١٨، ١٣:١٨

 

هەنگاو: هاوکات لەگەڵ میلیتاریزە کردنی شاری شنۆ هێزە ئەمنیەکانی حکومەتی ئێران هاووڵاتیەکی دیکەی کوردیان دەستبەسەر کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی”هەنگاو” لە درێژەی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتیانی کورد لە شاری شنۆ، هاوڵاتیەک بە ناوی “فەهیم نوروزی” لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا.

ئەم هاووڵاتیە ڕۆژی شەممە (١پووشپەر/ ١ ژوئیە) لە شەقامی کرێکاری شنۆ دەستبەسەر و بۆ شوێنیکی نادیار گوازراوەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی باوەرپێکراو، فەهیم بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکیک لە حیزبە کوردیەکانی دژەبەری ئێران دەستبەسەر کراوە.

لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم ٤ هاووڵاتی کوردی خەڵکی شنۆ لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە بەو تۆمەتە دەستبەسەر کراون.

پێشتر هەنگاو لە ڕاپۆرتێكدا ڕایگەیاندبوو فەرهاد عەبدوڵاپوور، دڵشاد فەقێ زادە و ئومید سەکینە دەستبەسەر کراون.

لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوو و دوای دەرکەوتنی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ئەم شارە بەتەواوەتی میلیتاریزە کراوە.

هەواڵنێری هەنگاو لە شاری شنۆ ڕایگەیاندووە، ئەمڕۆ لە ئورمیە هێزێکی زۆر بەرەو شنۆ بەڕێکەوتووە و سینگان، حەسەن نوران و میراوایان گەمارۆ داوە و کۆپتەر و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانیش بە سەر ناوچەکەدا دەسووڕێنەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە