شەهرام فەرهادی دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی سنە گوازرایەوە

هەنگاو: شەهرام فەرهادی چالاکی مەدەنی خەڵکی سنە کە ساڵی ڕابردوو حوکمی بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو، دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گوازرایەوە.

٢ ڕێبەندان ٢٧١٨، ١٠:٥٠

 

هەنگاو: شەهرام فەرهادی چالاکی مەدەنی خەڵکی سنە کە ساڵی ڕابردوو حوکمی بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو، دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گوازرایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە (١ی بەفرانباری ٢٧١٨ / ٢١ی ژانویەی ٢٠١٩)، هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئێران هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی چالاکێکی مەدەنی خەڵکی سنە بە ناوی ”شەهرام فەرهادی“ و دەستبەسەریان کردووە.

ئەو چالاکە مەدەنییە دوای دەستبەسەر کران بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی ٢ ساڵ بەندکرانەکەی، ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە کراوە.

شەهرام فەرهادی، ڕۆژی پێنج شەممە (٢٥ی خەزەڵوەری ٢٧١٧/ ١٦ی نۆڤەمبری ٢٠١٧) لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئێرانەوە لە کاتێکدا کە خەریکی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ بوومەلەرزە لێدراوانی کرماشان بوو، دەستبەسەر کرابوو.

ناوبراو دواجار ڕۆژی دووشەممە (٢٣ی ڕێبەندانی ٢٧١٧ / ١٢ی فوێریەی ٢٠١٨) لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی شاری سنەوە بە تۆمەتی هاوکاری کردنی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ئێران حوکمی ٤ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

ئەو حوکمە لە لایەن دادگای پیداچوونەوەی پارێزگای سنەوە بۆ دوو ساڵ کەم کرایەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە