شەڕ و تێکهەڵچوون لە سنووری ئورمیە و کوژران و بریندار بوونی حەوت ئەندامی پاسەوانی سنوور

هەنگاو: لە ئەنجامی شەڕ و تێکهەڵچوونی چەکدارانە لە سنووری ئورمیە کە لە نێوان هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێران و هێزەکانی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپ

٢٣ خەزەڵوەر ٢٧٢٠، ٢٢:٢٣

 

هەنگاو: لە ئەنجامی شەڕ و تێکهەڵچوونی چەکدارانە لە سنووری ئورمیە کە لە نێوان هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێران و هێزەکانی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەت ڕوویدا، لانی کەم حەوت کەس لە هێزەکانی پاسەوانی سنوور کوژران و بریندار بوون.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ٢ی پاش نیوەڕۆی ڕۆژی هەینی، ٢٣ی خەزەڵوەری ٢٧٢٠ (١٣ی نۆڤەمبری ٢٠٢٠)، لە چیا سنوورییەکانی ناوچەی سیلوانای سەر بە شاری ئورمیە ، شەڕ و تێکهەڵچوونێکی چەکداری لە نێوان یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران و هێزەکانی پاسەوانی سنووری کۆماری ئیسلامیی ئێران هاتووەتە ئاراوە و کەمتر لە یەک کاتژمێری خایاندووە.

لە ئەنجامی ئەم تێکهەڵچوونەدا سێ ئەندامی هێزی پاسەوانی سنوور کوژراون و چوار ئەندامی دیکەش بریندار بوون. بەڵام سەرچاوە حکوومییەکان ژمارەی بریندارەکانیان ٢ کەس ڕاگەیاندووە.

بە پێی هەواڵی ڕاگەیاندنە حکوومییەکان دوو ئەفسەر بە ناوەکانی موسلیم جەهان ئارا و مالک تاهیری و سەربازێک بە ناوی کامران کەرامەت لەم تێکهەڵچوونەدا کوژراون.

سەرچاوەکانی هەنگاو ڕایانگەیاندووە لایەنی دیکەی شەڕەکە بە بێ هیچ زیانێکی گیانی ناوچەکەی بەجێهێشتووە.

تا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە، هیچ یەک لە حیزبەکانی کوردستان، بەرپرسیارێتیی ئەم شەڕەیان وە ئەستۆ نەگرتووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە