شەڕێکی قورس لە پاوە لەنێوان هێزی پێشمەرگە و سپای پاسداران هاتە ئاراوە

هەنگاو: لە کوێستانەکانی نزیک پاوە سەر بە پارێزگای کرماشان شەڕێکی قورس لەنێوان هێزی پێشمەرگە و سپای پاسداران هاتە ئاراوە و هێزەکانی ئێران.

٢٤ پووشپەڕ ٢٧١٨، ٠٩:٠٩

 

هەنگاو: لە کوێستانەکانی نزیک پاوە سەر بە پارێزگای کرماشان شەڕێکی قورس لەنێوان هێزی پێشمەرگە و سپای پاسداران هاتە ئاراوە و هێزەکانی ئێران بە خەستی ئەو ناوچەیەیان تۆپباران کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ”هەنگاو“، کاتژمێر ٧:٣٠ خولەکی ئێوارەی ڕۆژی شەممە (٢٣ی پووشپەڕی ٢٧١٨ / ١٤ی ژوئیەی ٢٠١٨)، لە کوێستانەکانی سەردەرەی بناری شاهۆ کە لە نزیک شاری پاوە هەڵکەوتووە، تێکهەڵچوونێکی قورس لەنێوان هێزی پێشمەرگە و سپای پاسداران هاتووەتە ئاراوە.

فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک ڕایگەیاندووە کە لەو تێکهەڵچوونەدا دوو ئەندامی سپای پاسداران کوژراون و چەند کەسی دیکەش بریندار بوون.

لەلایەکی دیکەوە، بنکەی نەجەفی هێزی زەمینی سپای پاسداران ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە کە تێیدا باس لە کوژرانی سێ کەس لە هێرش بەران و برینداربوونی کەسێکی دیکە کردووە.

لەو ڕاگەیەندراوەدا کوژرانێکی ئەندامێکی سپای پاسداران کە خەڵکی ئەو ناوچەیە بووە، پشتڕاست کراوەتەوە.

سپای پاسداران ڕایگەیاندووە کە ئەو تێکهەڵچوونە لە نزیک نۆدشە هاتووەتە ئاراوە، بەڵام هەم سەرچاوەکانی نزیک لە حیزبی دێموکرات و هەم سەرچاوەکانی ”هەنگاو“ تێکهەڵچوونیان لە نزیک شاری نۆدشە ڕەد کردووەتەوە.

سپای پاسداران هێزێکی زۆری ڕەوانەی شوێنی شەڕەکە کردووە و بەخەستیش بەرزاییەکانی نزیک ئەو شوێنە تۆپباران دەکات.

 

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە