عادڵ موکەڕەم حوکمی ساڵێک بەندکرانی بەسەردا سەپا

هەنگاو: عادڵ موکەڕەم، بەندکراوی سیاسیی ڕاگیراو لە بەندیخانەی ئورمیە، لە لایەن دادگای شۆڕشی ئەم شارەوە حوکمی بەندکران بۆ بڕایەوە.

٢٤ خەزەڵوەر ٢٧٢٠، ٢٠:٣٦

 

هەنگاو: عادڵ موکەڕەم، بەندکراوی سیاسیی ڕاگیراو لە بەندیخانەی ئورمیە، لە لایەن دادگای شۆڕشی ئەم شارەوە حوکمی بەندکران بۆ بڕایەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ٢٤ی خەزەڵوەری ٢٧٢٠ (١٤ی نۆڤەمبری ٢٠٢٠)، عادڵ موکەڕەم، بەندکراوی سیاسی، کە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە بەند کراوە، لە لایەن لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ئورمیەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر شێخلوو، بە تۆمەتی "بەزاندنی نایاسایی سنوور"، حوکمی یەک ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا.

ئەم بەندکراوە سیاسییە لە ڕێکەوتی ٢١ی ڕەزبەری ئەمساڵەوە بە مەبەستی ناڕەزایی دەربڕین بەرانبەر بە دیار نەبوونی چارەنووسی، لە بەندیخانە مانی لە خواردن گرتبوو و چەندین جاریش هەوڵی خۆکوشتنی دابوو. سەرئەنجام ئەمڕۆ دوای کۆتایی هێنان بە مانگرتنەکەی لە بەندی تاکەکەسییەوە گوازرایەوە بۆ بەندی زیندانیانی سیاسی.

بە لەبەرچاو گرتنی ئەوەی عادڵ موکەڕەم ماوەی ١٠ مانگە لە بەندیخانەیە، کەمتر لە دوو مانگی دیکە ماوەی حوکمەکەی کۆتایی دێت و ئەگەر بڕیاری دادگاش قەبووڵ بکات ئەوا سزاکەی بۆ نۆ مانگ کەم دەکرێتەوە و دەبێ لە ڕۆژانی داهاتوودا ئازاد بکرێ.


عادڵ موکەڕەم تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵکی ئورمیە، کۆتایی مانگی سەرماوەزی ساڵی ڕابردو لە سنووری شاری خۆی لەلایەن حکوومەتی تورکیاوە دیپۆرتی ئێران کراوەتەوە و بۆ ماوەی ٢٠ ڕۆژ لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری خۆی لەژێر لێپرسینەوە بووە و دواتر بۆ بەندیخانەی ئەو خۆی و  دواجار بۆ بەندیخانەی ئورمیە گوازراوەتەوە.
 

دانیشتنی دادگای عادڵ موکەڕەم مانگێک پێش ئێستا لە لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە سەرۆکایەتی دادوەر شەیخلوو بەڕێوەچوو و تۆمەتی ”ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردستانی و چوونە دەرەوەی نایاسایی لە وڵات“ خراوەتە پاڵ ناوبراو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە