فاتمە داوەند بە مەرج ئازاد کرا

هەنگاو: فاتمە داوەند، چالاکی خەڵکی بۆکان کە لە خۆپێشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەری ٢٧١٨ دەستبەسەر کرابوو بە مەرج لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ئازاد کرا.

١٣ خەزەڵوەر ٢٧٢١، ١٠:٥٨

 

هەنگاو: فاتمە داوەند، چالاکی خەڵکی بۆکان کە لە خۆپێشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەری ٢٧١٨ دەستبەسەر کرابوو بە مەرج لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ئازاد کرا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ١١ی خەزەڵوەری ٢٧٢١ (٢ی نۆڤەمبری ٢٠٢١)، فاتمە داونەد یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی مانگی خەزەڵوەری ٢٧١٨ (٢٠١٨) کە مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ بە پێبەندی ئەلەکترۆنی لە بەندیخانە ئازاد کرابوو، بەمەرج ئازاد کرا.

 فاتمە داوەند سەرەتای مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ بە پێبەندی ئەلکترۆنی و بە شێوەیەک کە ئیزنی چوونە دەرەوە لەماڵی نەبوو ئازاد کرابوو، هەنگاو ئاگادار کراوەتەوە فاتمە داوەند بۆ هەر مانگ کە پێبەندی ئەلەکترۆنی پێبووە ناچار بووە بڕی ١٥٠ هەزار تمەن بدات بە بەرپرسانی بەندیخانەی ئورمیە.

فاتمە داوەند سەرەتا رۆژی شەممە ٢٥ی خەزەڵوەری ٢٧١٩( ١٦ی نوامبێری ٢٠١٩) لە کاتێکدا کە بریندار بووبوو، لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە گوازرایەوە و پاش ٤ مانگ بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی ئازاد کرابوو.

ناوبراو دواترو لە ڕێکەوتی ١٧ی ڕێبەندانی ٢٧١٩  (٦ی فێوریەی ٢٠٢٠) لەلایەن لقی ١٠٣ی دادگای تاوانەکانی ٢ی شاری بۆکان دادگایی و بە تۆمەتی ”شیواندنی تەکووزی و ئاسایشی کۆمەڵگا“ سزای پێنج مانگ بەندکران و لێدانی ٣٠ قامچی بە سەردا سەپا.

ئەم چالاکە کوردە هەروەها لە ڕێکەوتی ٢٣ی بانەمەڕی ٢٧٢٠ (١٢ی مەی ٢٠٢٠)، لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی مەهاباد بە سەرۆکایەتی دادوەر ”جەواد گوڵامی“ جارێکی دیکە دادگایی کراوە و بە تۆمەتی ”هەوڵدان دژی ئاسایشی ولات“ سزای پێنج ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا کە دوای ملکەچ کردن بۆ بڕیاری دادوەر سزاکەی بۆ ٣ ساڵ و ٩ مانگ بەندکران کەم کرایەوە.

فاتمە داوەند دواجار ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی پووشپەڕی ٢٧٢٠ (٥ی ئاگۆستی ٢٠٢٠) بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای بەندکرانەکەی خۆی بە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ناساند.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە