فاتیمه داوەند لە بەندیخانەی ئورمیە مانی لە خواردن گرت

هەنگاو: فاتیمە داوەند یەکێک لە دەستبەسەر کراوانی خۆپێشاندانەکانی پاییزی ڕابردووی شاری بۆکان لە بەندیخانەی نا

٢٢ خەزەڵوەر ٢٧٢٠، ١٣:٢٨

 

هەنگاو: فاتیمە داوەند یەکێک لە دەستبەسەر کراوانی خۆپێشاندانەکانی پاییزی ڕابردووی شاری بۆکان لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە مانی لە خواردن گرت.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، فاتیمە داوەند، یەکێک لە دەستبەسەر کراوانی خۆپێشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەری ساڵی ڕاببردوو ئەمڕۆ پێنج شەممە ٢٢ی خەزەڵوەری ٢٧٢٠ (١٢ی نۆڤەمبری ٢٠٢٠) بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە بڕیاری بەرپرسانی بەندیخانە و دژایەتی ئازادی ناوبراو بە پاوەنەوی ئەلەکترۆنییەوە، مانی لە خواردن گرتووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بەندیخانەی ئورمیە، فاتیمە داواند دوای ئەوەی مانی لە خواردن گرتووە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی جێگیر لە بەندیخانە بۆ بەندی ئەمنی ئەو بەندیخانەیە گوازراوەتەوە.

فاتیمە داوەند تەمەن ٤٢ ساڵ و دایکی سێ منداڵ، رۆژی شەممە ٢٥ی خەزەڵوەری ٢٧١٩( ١٦ی نوامبێری ٢٠١٩) لە کاتێکدا کە بریندار بووبوو، لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر و بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە گوازرایەوە و پاش ٣٠ ڕۆژ گوازرایەوە بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە.
 

ئەو چالاکە کوردە  ڕێکەوتی ١٧ی ڕێبەندانی ٢٧١٩ (زستانی ٢٠٢٠) لەلایەن لقی ١٠٣ی دادگای تاوانەکانی ٢ی شاری بۆکان دادگایی و بە تۆمەتی ”شیواندنی تەکووزی و ئاسایشی کۆمەڵگا“ حوکمی پێنج مانگ بەندکران و لێدانی ٣٠ قامچی بە سەردا سەپاوە.
 

ناوبراو هەروەها لە ڕێکەوتی ٢٣ی بانەمەڕی ئەمساڵ، لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی مەهاباد بە سەرۆکایەتی دادوەر ”جەواد گوڵامی“ جارێکی دیکە دادگایی کراوە و بە تۆمەتی ”هەوڵدان دژی ئاسایشی ولات“ حوکمی پێنج ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە. ناوبراو لەو ڕووەوە کە تەسلیمی حوکمی دادوەر بووە، حوکمی پێنج ساڵ بەندکرانەکەی بۆ سێ ساڵ و ٩ مانگ بەندکران کەم کراوەتەوە.

فاتیمە داوەند دواجار ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی پووشپەڕی ٢٧٢٠ (٥ی ئاگۆستی ٢٠٢٠) بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمی ٣ ساڵ و ٩ مانگ بەندکرانەکەی دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە کرا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە