فەریدە وەیسی و سیرووس عەباسی سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپا و ئازاد عەباسی بە بێ تاوان ناسرا

٢٥ بەفرانبار ٢٧٢٠، ١٠:٠١

 

هەنگاو: فەریدە وەیسی و هاوژینەکەی سیرووس عەباسی، کە لە چالاکانی مەدەنیی شاری دێولانن، لە لایەن دادگای شۆڕشی شاری سنەوە سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپا و ئازاد عەباسی، برای سیرووس تۆمەتەکانی لەسەر لادرا .

بە گوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێ شەممە ٢٣ی بەفرانباری ٢٧٢١ (١٢ی ژانویەی ٢٠٢١)، سزای داسەپاو بەسەر فەریدە وەیسی و سیرووس عەباسی، لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنەوە بە شێوەی فەرمی بەو دوو کەسە ڕاگەیاندرا و بە گوێرەی بڕیاری دادگا، هەر کامیان سزای ساڵێ بەندکرانی هەڵپەسێراویان بۆ بڕایەوە و ئازاد عەباسی، برای سیرووس عەباسیش تۆمەتەکانی لەسەر لادرا.

سیرووس عەباسی بە بڵاو کردنەوەی پۆستێک لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرامدا ڕایگەیاند: دادگای شۆڕشی سنە بە هۆی نەبوونی بەڵگە، ئازادی بە بێ تاوان ناساند و بە هۆی ڕێ پێوان و فیلم گرتن لە کۆبوونەوەی نا گوتن بە سزای لەسێدارەدانی ڕامین حسێن پەناهی و ڕێکخستنی کۆبوونەوەی ناڕەزایی دەربڕین لە شاری دێولان بە مەبەستی ئیدانە کردنی هێرشی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان و هەروەها بەشداری کردن لە کۆبوونەوەیەک لە بەرانبەر داواکاری گشتیی سنە بۆ ناڕەزایی دەربڕین بەرانبەر بە دەستبەسەر کرانی مامۆستای زمانی کوردی، زارا محەمەدی، هەرکام لە من و فەریدەی بە ساڵێک بەندکرانی هەڵپەسێراو بۆ ماوەی سێ ساڵ، سزا داوە و لە تۆمەتەکانی تریش بە بێ تاوان ناسراین.

دانیشتنی یەکەمی دادگای ئەم سێ هاووڵاتییە کوردە لە مانگی تووشپەڕدا بەڕێوەچوو و ئەوان دانیشتنی دووهەمیان کە بڕیار بوو بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەعیدی بەڕێوە بچێت، بایکۆت کرد و ڕایانگەیاند تەنیا کاتێک لە دادگا ئامادە دەبن کە کۆبوونەوەی دادگا بە شێوەی ئاشکرا و دادپەروەرانە بەڕێوە بچێت.

ڕۆژی سێ شەممە ٩ی بەفرانباری ٢٧٢٠ (٢٩ی دێسامبەری ٢٠٢٠)، سیرووس عەباسی و هاوژینەکەی فەرەیدە وەیسی، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ دادگای شۆڕشی سنە و دادوەر سەعیدی ئەوانی دادگایی کرد.
سیرووس عەباسی و فەرەیدەی هاوژینی، ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی سەرماوەزی ٢٧٢٠ (١٤٧ ژوئیەی ٢٠٢٠) پاش هێرشی هێزە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی دێولان بۆ شوێنی کارەکەیان لە ناوەندی زانستی و پەروەردەییی "زانست"، دەستبەسەر کران و ئازاد عەباسی برای سیرووسیش لە پاش بەدواداچوونی بۆ بارودۆخی سیرووس و هاوژینەکەی لە هەمان ڕۆژدا دەستبەسەر کرا.


ئەم سێ هاووڵاتییە لە پاش دوو مانگ دەستبەسەری، بە دانانی برامتەی ٢٠٠ ملیۆن و ٣٠٠ ملیۆن تمەن بە شێوەی کاتی و تا کاتی دانیشتنی دادگاکەیان ئازاد کرابوون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە