قادر محەمەدزادە بۆ بەندیخانەی یەزد دوور خرایەوە

هەنگاو: قادر محەمەدزادە بەندکراوی سیاسی کورد دوای ئەوەی لەلایەن بەرپرسانی بەندیخانەی ئورمیەوە بۆ بەندیخانەی یەزد دوور خرایەوە، کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا.

٢٧ ڕەشەمە ٢٧١٨، ١٠:٥٧

 

هەنگاو: قادر محەمەدزادە بەندکراوی سیاسی کورد دوای ئەوەی لەلایەن بەرپرسانی بەندیخانەی ئورمیەوە بۆ بەندیخانەی یەزد دوور خرایەوە، کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا.

بەپێی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، قادر محەمەدزادە بەندکراوی سیاسی خەڵکی بۆکان کە لە ڕۆژی شەممە (١١ی رەشەمەی ٢٧١٨/ ٢ی مارسی ٢٠١٩) بە هۆی گواستنەوەی بۆ بەندی ئەمنی ئەو بەندیخانەیە مانی لە خواردن گرتبو دوای ١٦ ڕۆژ و قەبووڵ کردنی داواکارییەکەی لەلایەن بەرپرسانی بەندیخانەی ئورمیەوە، کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا.

ناوبراو دواجار ڕۆژی یەکشەممە بۆ بەندیخانەی مەهاباد و لەوێشوە بۆ بەندیخانەی شاری یەزد گوازراوەتەوە.

ئەو بەندکراوە لە لە سەرەتای مانگی رەشەمە (کۆتایی مانگی فێوریە) بە مەبەستی تەمبێ کردن لەگەڵ دەیان بەندکراوی دیکە بۆ بەندی ئەمنی بەندیخانەی ئورمیە گوازراوەتەوە و مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەی لێ زەوت کراوە.

قادر محەمەدزادە تەنیا بە بیانووی چاککردنی مۆبایلی بەندکراوان تەمبێ کراوە و بۆ ئەو بەندە گوازراوەتەوە.

پێشتر هەنگاو لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندبوو کە “ئەو سەرچاوەیە وتیشی کە قادر داوای کردووە بیگوازنەوە بۆ بەندێکی باشتر و یان حوکمی دوورخرانەوەکەی بۆ بەندیخانەی یەزد جێبەجێ بکەن، چونکوو ئیدی مانەوە لە بەندیخانەی ئورمیە بە هۆی ئەزیەت و ئازری بەرپرسانی بەندیخانە زۆر ئەستەم بووە.”

قادر محەمەدزادە لە ڕێکەوتی ٢٩ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٨٤ی هەتاوی لەگەڵ محەمەدئەمین عەبدووڵڵاهی بە تۆمەتی ئەندامەتی و هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردستانیەکانی دژبەری ئێران دەستبەسەر و بە تۆمەتی محاربە حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.

ئەو حوکمە دواتر لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ئورمیەوە بۆ ٢٠ ساڵ بەندکران کەم کرایەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە