قادر محەمەدزادە بەندکراوی سیاسی کورد ٨ رۆژە مانی لەخواردن گرتووە

هەنگاو: قادر محەمەدزادە بەندکراوی سیاسی کورد کە لە بەندیخانەی ناوەندی ئورمیە بەندکراوە، بە هۆی گواستنەوەی بۆ بەندی ئەمنیەتی ، مانی لە خواردن گرتووە.

١٨ ڕەشەمە ٢٧١٨، ١١:١٣

 

هەنگاو: قادر محەمەدزادە بەندکراوی سیاسی کورد کە لە بەندیخانەی ناوەندی ئورمیە بەندکراوە، بە هۆی گواستنەوەی بۆ بەندی ئەمنیەتی ، مانی  لە خواردن گرتووە.

بەپێی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، قادر محەمەدزادە بەندکراوی سیاسی خەڵکی بۆکان کە ئێستا لە حاڵی تێپەراندی چواردەیەمین ساڵی بەندکرانیەتی، لە ڕۆژی شەممە (١١ی رەشەمەی ٢٧١٨/ ٢ی مارسی ٢٠١٩) بە هۆی گواستنەوەی بۆ بەندی ئەمنی ئەو بەندیخانەیە مانی لە خواردن گرتووە و ئەمڕۆ ٨ ڕۆژە مانگرتنەکەی بەردەوامە.

ئەو بەندکراوە لە لە سەرەتای مانگی رەشەمە (کۆتایی مانگی فێوریە) بە مەبەستی تەمبێ کردن لەگەڵ دەیان بەندکراوی دیکە بۆ بەندی ئەمنی بەندیخانەی ئورمیە گوازراوەتەوە و مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەی لێ زەوت کراوە.

سەرچاوەیەک لە بەندیخانەی ئورمیە بە هەنگاوی ڕاگەیاند قادر محەمەدزادە تەنیا بە بۆنەی چاککردنی مۆبایلی بەندکراوان تەمبێ کراوە و بۆ ئەو بەندە گوازراوەتەوە.

ئەو سەرچاوەیە وتیشی کە قادر داوای کردووە بیگوازنەوە بۆ بەندێکی باشتر و یان حوکمی دوورخرانەوەکەی بۆ بەندیخانەی یەزد جێبەجێ بکەن، چونکوو ئیدی مانەوە لە بەندیخانەی ئورمیە بە هۆی ئەزیەت و ئازری بەرپرسانی بەندیخانە زۆر ئەستەم بووە.

قادر محەمەدزادە لە ڕێکەوتی ٢٩ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٨٤ی هەتاوی لەگەڵ محەمەدئەمین عەبدووڵڵاهی بە تۆمەتی ئەندامەتی و هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردستانیەکانی دژبەری ئێران دەستبەسەر و بە تۆمەتی محاربە حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.

ئەو حوکمە دواتر لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ئورمیەوە بۆ ٢٠ ساڵ بەندکران کەم رکایەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە