قادر محەمەدزادە دوو حەفتەیە مانی لە خواردن گرتووە

هەنگاو: قادر محەمەدزادە بەندکراوی سیاسی کورد کە لە بەندیخانەی ناوەندی ئورمیە بەندکراوە، بە هۆی گواستنەوەی بۆ بەندی ئەمنیەتی ، .

٢٥ ڕەشەمە ٢٧١٨، ٢٠:٥٨

 

هەنگاو: قادر محەمەدزادە بەندکراوی سیاسی کورد کە لە بەندیخانەی ناوەندی ئورمیە بەندکراوە، بە هۆی گواستنەوەی بۆ بەندی ئەمنیەتی ، ماوەی دوو حەفتەیە مانی  لە خواردن گرتووە.

بەپێی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، قادر محەمەدزادە بەندکراوی سیاسی خەڵکی بۆکان کە ئێستا لە حاڵی تێپەراندی چواردەیەمین ساڵی بەندکرانیەتی، لە ڕۆژی شەممە (١١ی رەشەمەی ٢٧١٨/ ٢ی مارسی ٢٠١٩) بە هۆی گواستنەوەی بۆ بەندی ئەمنی ئەو بەندیخانەیە مانی لە خواردن گرتووە و ئەمڕۆ ١٥ ڕۆژە مانگرتنەکەی بەردەوامە.

ئەو بەندکراوە لە لە سەرەتای مانگی رەشەمە (کۆتایی مانگی فێوریە) بە مەبەستی تەمبێ کردن لەگەڵ دەیان بەندکراوی دیکە بۆ بەندی ئەمنی بەندیخانەی ئورمیە گوازراوەتەوە و مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەی لێ زەوت کراوە.

پێشتر سەرچاوەیەک لە بەندیخانەی ئورمیە بە هەنگاوی ڕاگەیاندبوو کە  قادر محەمەدزادە تەنیا بە بیانووی چاککردنی مۆبایلی بەندکراوان تەمبێ کراوە و بۆ ئەو بەندە گوازراوەتەوە.

قادر محەمەدزادە لە ڕێکەوتی ٢٩ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٨٤ی هەتاوی لەگەڵ محەمەدئەمین عەبدووڵڵاهی بە تۆمەتی ئەندامەتی و هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردستانیەکانی دژبەری ئێران دەستبەسەر و بە تۆمەتی محاربە حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.

ئەو حوکمە دواتر لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ئورمیەوە بۆ ٢٠ ساڵ بەندکران کەم کرایەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە