لاوێکی خەڵکی سنە لەسێدارە درا

هەنگاو: حوکمی سێدارەی لاوێکی خەڵکی سنە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە جێبەجێ کرا.

٩ ڕەزبەر ٢٧١٩، ٠٧:٥٦

 

هەنگاو: حوکمی سێدارەی لاوێکی خەڵکی سنە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە جێبەجێ کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ٩ی ڕەزبەری ٢٧١٩ (١ی ئۆکتۆبری ٢٠١٩)، حوکمی سێدارەی ”ڕزگار زەندی“ لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە جێبەجێ کرا.

ڕزگار زەندی تەمەن ٢٤ ساڵ و باوکی منداڵێکی تەمەن ٤ ساڵ بوو کە جوار ساڵ پێش بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست دەستبەسەر و لەیانە دەزگای دادوەرییی حکوومەتی ئێرانەوە حوکمی سێدارەی بە سەردا سەپا.

لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا ژمارەیەکی بەرچاو لە چالاکانی مەدەنی لە پێش بینای بەندیخانە و پارکی شارەکی سەعدی کۆ ببوونەوە هەتا بتوانن ڕەزامەندی بنەماڵەی کوژراوەکە بە دەست بێنن و ڕزگار لەسێدارە نەدرێت، بەڵام لە ئاکامدا بنەماڵەی کوژراو کە ئامۆزای ڕزگاریش بوون، لێی خۆش نەبوون و لە سێدارە درا.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی سێپتامبردا لانیکەم ٨ هاووڵاتیی کورد لە بەندیخانەکانی ئێران لەسێدارە دراون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە