لاوێکی خەڵکی پاوە لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا

هەنگاو: هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی پاوە لاوێکی خەڵکی ئەو شارەیان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.

١٩ ڕێبەندان ٢٧١٨، ٢٢:٣٤

 

هەنگاو: هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی پاوە لاوێکی خەڵکی ئەو شارەیان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە (١٧ی ڕێبەندانی ٢٧١٨ / ٦ی فێوریەی ٢٠١٩)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی پاوە سەر بە پارێزگای کرماشان هەڵیان کوتاوەتە سەر ماڵی هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی ”هۆشیار“ و کوڕەکەیان دەستبەسەر کردووە.

هەواڵنێری هەنگاو لە شاری پاوە ناسنامەی ئەو لاوە دەستبەسەر کراوەی ”ئاروین ئیقباڵی“ تەمەن ٢٢ ساڵ ڕاگەیاندووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکەی ئاگادار، ئاروین بە تۆمەتی هاوکاری کردنی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ئێران دەستبەسەر کراوە.

سەرەڕای تێپەڕێنی سێ ڕۆژ لە دەستبەسەر کرانی ئاروین و بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەی، چارەنووسی نادیارە و نازانرێت کە لە کوێ ڕاگیراوە.

بە پشتەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەماوەی مانگی ژانویەی ئەمساڵدا لانیکەم ٥٨ هاووڵاتیی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە